ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەوڵی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی دەدات

پۆڵەتیک پرێس

بەمەبەستی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، فائق زیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق داوای وێنەیەکی بودجەی ساڵی 2021ی لە وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانانی عێراق کرد.

رۆژی یەکشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، فائق زیدان داوای لە وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان کردووە وێنەیەک لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و پشکی دیاریکراو بۆ هەر پارێزگایەکی عێراق و ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژانەی بۆیان دیاریکراوە بنێرنە ئەنجومەن.

ئەوەش هاتووە، ئامانج لەم داواکارییە بریتیە لە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەش لە ئەندامانی داواکاری گشتی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی لەپێناو چاودێریکردنی شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی.

هاوکات داوایکرد، کاری لیژنەی هاوبەشی نێوان ئەندامانی داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی کارابکرێتەوە لەپێناو لێکۆڵینەوە لە سەرجەم ئەو پێشێلکارییە یاساییانەی ئەنجام دەدرێن.

بەپێی دوایین راپۆرتەکانی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، هێشتا عێراق لەپێشەنگی وڵاتە گەندەڵەکانی جیهاندایە و قەبارەی بەهەدەردانی لە ساڵی 2003ەوە بە 300 ملیار دۆلار هەژمار دەکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا