لە عێراق 333 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی کارەبا دادگایی دەکرێن

پۆڵەتیک پرێس

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە تۆمەتی گەندەڵیکردن لە دۆسیەی کارەبا 333 کەس دادگایی دەکرێن و لەو ژمارەیەش، 20 کەسیان پلەکانیان وەزیرە.

جەمال حەمداوی ئەندام پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیستی ئەو کەسانەی دادگایی دەکرێن زیاتر لە 20 کەسایەتی تێدایە بە پلەی وەزیر و رەوانەی دادگا کراون، وتیشی: 27 کەسی دیکەش بە پلەی بەڕێوەبەر رەوانەی دادگا کراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، 286 کەسی دیکە کە پلەکانیان لە بەڕێوەبەر کەمترە بە هەمان تۆمەت دادگایی دەکرێن، بەڵام کەفالەت بۆ 72 تۆمەتباریان کراوە کە دوو وەزیر و چوار بەڕێوەبەری گشتی لەخۆگرتووە.

لە ساڵی 1990 هەتا ئێستا، لە عێراقدا بە بەردەوامی کێشەی کارەبا بوونی هەیە و هیچ رۆژێک نەبووە بە بەردەوامی کارەبای نیشتیمانی بدرێتە هاوڵاتیان.

زۆرێک لە شارەزایانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، قەیرانی کارەبا بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بەو گەندەڵییەوە هەیە کە لەلایەن زۆرێک لە وەزیر و فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەباوە ئەنجامدراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا