كۆرۆنا ژینگەش پیس دەكات

پۆڵەتیك پرێس- لاڤە واحید
ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرەڕای ئەوەی لەرووی تەندروستییەوە كاریگەری گەورەی لەسەر هەموو جیهان داناوە، بووەتە مەترسییەكی گەورەی تریش بۆ سەر مرۆڤایەتی، ئەویش پیسكردنی ژینگەیە.

زانایانی ژینگە هۆشداری دەدەن لەبارەی مەترسییەكانی ئەو دەمامك و دەستكێشانەی بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێن و ناخرێنە ناو پرۆسەی ریسایكڵینەوە.

لەدوای ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە، لە زۆرێك لە وڵاتاندا بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش بووە رێكارێكی سەرەكی بەرانبەر خۆپاراستن لەو ڤایرۆسەی، كە زیاتر لە ٢٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار كەسی لە جیهاندا تووشكرد.

لە زۆرێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، وێنەی دەمامك و دەستكێشی بەكارهاتوو بڵاوكرایەوە، كە بەكارهێنەران لەتەواوی جیهاندا فڕێیاندابووە سەر شەقام و پاركی ئۆتۆمبیل و كەنار دەریا و شوێنە گەشتیارییەكان، لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان لەلایەن كارگوزارەكانەوە كۆدەكرانەوە، بەڵام رێژەیەكی زۆریشیان ئاراستەی رووبار و دەریاكانیان گرتەبەر.

 

لە زۆرێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، وێنەی دەمامك و دەستكێشی بەكارهاتوو بڵاوكرایەوە، كە بەكارهێنەران لەتەواوی جیهاندا فڕێیاندابووە سەر شەقام و پاركی ئۆتۆمبیل و كەنار دەریا و شوێنە گەشتیارییەكان

 

مەترسییەكانی ئەو دەمامك و دەستكێشە بەكارهاتووانە تەنیا لەبەر ئەوە نییە، كە رەنگە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبكەنەوە، بەڵكو لەبەر ئەوەشە كۆمپانیاكان دەستیان راناگات بەو ماددانە هەتا دووبارە ریسایكڵیان بكەنەوە، بەتایبەتیش دەمامكی نەشتەرگەری، كە لە پێكهاتەی پلاستیكی دروست دەكرێت و كاتێكی زۆری پێویستە بۆ شیبوونەوە.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتی نەتەوەیی ژینگە و دەریاكان لەئەمریكا، پلاستیك هەڕەشە لەسەر سیستمی ژینگەیی دروست دەكات، بەتایبەت ئەگەر بچێتە ناو ئاوەوە و تێیدا پارچە پارچە ببێت.

 

زانایانی دەریایی ئەوەیان ئاشكراكردووە، زۆرێك لە ماسییەكانی ناو دەریا ئەو پارچە پلاستیكییە بچوكوانە بە خواردن تێدەگەن و بەكاریدەهێنن، بەجۆرێك نزیكەی ٦٠٠ جۆر لەزیندەوەرە دەریاییەكان بەهۆی ئەم حاڵەتەوە لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان، هاوكات مەترسی بۆسەر ژیانی نزیكەی یەك ملیار كەس لە جیهاندا دروست دەكات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژەمی سەرەكیان خۆراكە دەریاییەكانە.

ساڵانە نزیكەی هەشت ملیۆن تەن پلاستیك رێرەوی دەریاكان دەگرنەبەر و یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دەمامكی بەكارهێنراوە، كە بەپێی ئیتیحادی نێودەوڵەتی بۆپاراستنی ژینگە ٪٨٠ی ئەو زبڵانە پێكدەهێنێت، كە لەدەریاكاندا بوونیان هەیە.

 

ساڵانە نزیكەی هەشت ملیۆن تەن پلاستیك رێرەوی دەریاكان دەگرنەبەر و یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دەمامكی بەكارهێنراوە

 

هاوكات، دەستكێشە رەنگاورەنگەكان مەترسی بۆ سەر ژیانی باڵندە ئاوییەكان و كیسەڵ و شیردەرە دەریاییەكان دروست دەكەن، كە وادەزانن خۆراكە و خواردنیشی مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات.

ماریا ئالگارا شارەزای ئەمریكی، كە خاوەنی رێكخراوی “كەناری میامی پاكبكەنەوە”یە رایگەیاند، دەستكێشە بەكارهاتووەكان هەڕەشەی گەورەن بۆسەر ژیان و پێویستە لەڕێی پەروەردەكردنی گشتییەوە مامەڵەی تەندروستیان لەگەڵ بكرێت هەتا هەمووان بزانن مەودای ئەو هەڵەیەی دەیكەن چەند زیانبەخشە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و گیانلەبەران.

عومەر فەرەنجی وێنەگر لەكاتی تێپەڕبوونی بە بەیروتدا، ٢٠٠ وێنەی شەقامەكانی شارەكەی گرت، كە بە دەمامك و دەستكێشی بەكارهاتوو داپۆشرابوون و دواتر لە فەیسبوكی خۆی بڵاویكردەوە، ئەمەشی وەك هۆشدارییەك بۆ ئەو مەترسییانە ئەنجامدا كە ئەم دیاردەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ دروستی دەكەن.

لە ماڵپەڕی فەڕەنسا ٢٤شدا بڵاوكرایەوە، لە بەغدا هەتا غەززە دانیشتوان زۆرترین دەمامك و دەستكێشیان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكارهێناوە و راستەوخۆ دوای بەكارهێنانی فڕییانداوەتە شوێنە گشتییەكان ئەمەش بووەتەهۆی پیسكردنی ژینگە.

 

لە بەغدا هەتا غەززە دانیشتوان زۆرترین دەمامك و دەستكێشیان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكارهێناوە و راستەوخۆ دوای بەكارهێنانی فڕییانداوەتە شوێنە گشتییەكان

 

توێژینەوەكان ئەوەیان دەرخستووە، بەركەوتنی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ بەو دەمامك و دەستكێشانە زیانی تەندروستی بۆسەریان دروست دەكات و رەنگە ببێتەهۆی گواستنەوەی نەخۆشییەكانیش.

فڕێدانی دەمامك و دەستكێشە بەكارهاتووەكان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان زیانی ژینگەیی و تەندروستی لێدەكەوێتەوە، بەتایبەت لەئێستادا، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە و هۆكارە بۆ گواستنەوەی، بۆیە رێكخراوە جیهانییەكانی تایبەت بە بواری ژینگە و رۆشنبیری پاراستنی ژینگە بە مامەڵە و رەفتارێكی هەڵەی دادەنێن و داوا لە خەڵكی دەكەن راستەوخۆ لەدوای بەكارهێنان فڕێیبدەنە زبڵدان و شوێنی تایبەتەوە هەتا دووربێت لە كۆمەڵگەی مرۆیی و زیان بە مرۆڤ و گیانەوەران نەگەیەنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا