ترەمپ لێبووردن بۆخۆی دەردەکات؟

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لەکاتێکدا بەر لە دەستبەکاربوونی جۆ بایدن ئامادەکاری دەکات بۆ دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی زیاتر لە 100 کەس و کەمکردنەوەی سزای هەندێکیان، چەند سەرچاوەیەک لە مشتومڕی ئەوەدان ئایا ترەمپ لە پلانیدایە لە خۆی ببورێت؟

لەوبارەیەوە رۆژی دووشەممە، 18ی کانوونی دووەم، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هەتا ئێستا ترەمپ نیازی ئەوەی نییە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ خۆی دەربکات، بەپێی سەرچاوەیەکیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ترەمپ هەتا ئێستا نایەوێت بڕیاری لێخۆشبوون نە بۆ خۆی نە بۆ ئەندامانی خێزانەکەی دەربکات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، رۆژی سێشەممە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ 100 کەس دەردەکات، بەوهۆکارەش لەگەڵ راوێژکارەکانی کۆبووەوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسی بابەتی لێخۆشبوونی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی کرد، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەکەی ئاگاداریان کردەوە لەوەی بەم بڕیارە دەبێتە تاوانبار.

هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی سەرۆک مافی تەواوەتی هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری لێخۆشبوون بۆ خۆی دەربکات

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر، رۆژی 22ی تەمموزی ساڵی 2017، دۆناڵد ترەمپ جیهانی سەرسام کرد بە تویتێک کە تێیدا نوسی، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی سەرۆک مافی تەواوەتی هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری لێخۆشبوون بۆ خۆی دەربکات، لەدوای ئەو تویتەوە زنجیرەیەک لە وتار و نوسراو بڵاوکرانەوە لەبارەی توانای سەرۆک بۆ لێخۆشبوونی خۆی.

ئەم مشتومڕە لەبارەی مافەکانی ترەمپ بۆ لێخۆشبوونی خۆی دووبارە سەریهەڵدایەوە کاتێک لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمریکا شکستیهێنا و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بووە براوە.

دواتر، مشتومڕەکان بەرفراوانتر بوون کاتێک ترەمپ بیری لەوە کردەوە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سیان لە منداڵەکانی و جارید کۆشنەری زاوا و راوێژکاری و هەروەها رودی جولیانی پارێزەری دەربکات.

هەتا ئێستا ترەمپ و ئەندامانی خێزانەکەی بە هیچ تاوانێک تۆمەتبار نەکراون، بەڵام کاتێک کۆشکی سپی بەجێدەهێڵن رووبەڕووی لێکۆڵینەوەیەکی زۆر دەبنەوە، ئەم لێخۆشبوونە سەرۆکایەتییەش تەنیا لە لێکۆڵینەوە فیدڕاڵییەکان دەیانپارێزێت بەڵام دووریانناخاتەوە لە لێکۆڵینەوەی لایەنە دادوەرییەکانی دیکەی ئەمریکا.

لەڕووی دەستوورییەوە، دەسەڵاتی لێخۆشبوونی سەرۆک لە خۆی لە پێشێلکارییە فیدڕاڵییەکاندا کورت دەبێتەوە، بەجۆرێک دەستوور رێگای پێدەدات لە تاوانەکانی دژ بە ویلایەتەکانی ئەمریکا بڕیاری لێخۆشبوون بۆ خۆی دەربکات، بەڵام ئەم رێگاپێدانە سنووردارە و پێشێلکاری یاسایی ویلایەتەکان ناگرێتەوە لەکاتێکدا ئەگەر خۆی یاخود ئەندامانی خێزانەکەی تاوانی فیدڕاڵی ئەنجام بدەن.

بەپێی دەستور، سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت لە هەموو تاوان و سەرپێچییە ئیتیحادییەکانی خۆی خۆشبێت

بەپێی دەستور، سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت لە هەموو تاوان و سەرپێچییە ئیتیحادییەکانی خۆی خۆشبێت، بەگشتی سەرجەم داواکاری لێخۆشبوونەکان دەبرێنە نوسینگەی داواکاری گشتی لە وەزارەتی داد و لەوێ لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و لێخۆشبوونەکە جێبەجێ ناکرێت ئەگەر لەلایەن نوسینگەی داواکاری گشتییەوە پەسەند نەکرێت.

بڕگەی دووی ماددەی دووی دەستوور کە بۆ توانا و مافەکانی سەرۆکی ئەمریکا دیاریکراون ئاماژە بەوەدەکات، سەرۆک دەتوانێت جێبەجێکردنی حوکمەکان دوابخات و لێخۆشبوون بۆ ئەو تاوانانە دەربکات کە دژی ئەمریکا ئەنجامدراون، جگە لە حاڵەتی تۆمەتبارکردن لەلایەن کۆنگرێسەوە کە لێخۆشبوون نایگرێتەوە.

لە گرنگترین خاڵە هەڵپەسێردراوەکان لە بابەتی لێخۆشبوونی ترەمپ لە خۆی بەر لەوەی کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت ئەوەیە، ئایا لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە توانای هەیە لێخۆشبوون بۆ خۆی دەربکات؟ هێشتا دیار نییە!

تاکە سەرۆکی ئەمریکا کە لێخۆشبوونی بۆ دەرچووە لە مێژووی ئەمریکا، ریچارد نیکسۆن بوو کاتێک لەلایەن جیراڵد فۆردی جێگرییەوە لە ساڵی 1974 بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ دەرچوو دوای ئەوەی بەهۆی رووداوی ئابڕوچوونەکەی وەتەرگەیت دەستی لەکارکێشایەوە.

ماوەیەکی کورت بەر لە دەستلەکارکێشانەوەی نیکسۆن، نوسینگەی راوێژکاری یاسایی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆک مافی ئەوەی نییە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ خۆی دەربکات، بنەمای سەرەکی ئەمەش ئەوەیە کە ناکرێت خۆت دادوەری دۆسیەی خۆت بی! ئەوەبوو دواتر چەند شارەزایەک پاڵپشتی ئەم بۆچوونەیان کرد.

ناکرێت خۆت دادوەری دۆسیەی خۆت بی

هەتا ئێستا لە مێژووی ئەمریکادا رووینەداوە سەرۆک بڕیاری لێخۆشبوون بۆ خۆی دەربکات بۆیە ئەمە دەبێتە بابەتێکی یاسایی نائاسایی کە پێشتر مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە و هیچ دادگایەکی فیدڕاڵی بەشێوەیەکی راستەوخۆ ئەم کێشەیەیان چارەسەر نەکردووە.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2018، لەکاتی لێکۆڵینەوە لە دەستوەردانی روسیا، ترەمپ جەختی لەوەکردەوە، مافی تەواوەتی هەیە بەپێی دەستوور بڕیاری لێخۆشبوون بۆخۆی دەربکات.

تەنانەت ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بڕیاری لێخۆشبوونیش بۆ خۆی دەربکات، شارەزایانی دەستوور گومانیان هەیە لەوەی دادگای باڵا حوکمی کۆتایی لەبارەی یاساییبوونی ئەم لێخۆشبوونەوە دەربکات.

بڕیارە بەیانی رۆژی چوارشەممە، 20ی کانوونی دووەمی ساڵی 2021، دۆناڵد ترەمپ کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت، جیهانیش لە چاوەڕوانی ئەوەدایە بزانێت لەدوای ئەو رێکەوتە و لەپای ئەو رووداو و پێشێلکارییانەی خۆی و خێزانەکەی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو ئەنجامیانداوە، چارەنووسی ترەمپ بەرەو کوێ دەگات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا