پۆڵەتیک پرێس
شەوی رابردوو، چەند موشەکێک ئاراستەی بنکەی ئەمریکا لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێری پایتەختی کوردستان کران و چەندین کاردانەوەی ناوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە.
لەوبارەیەوە کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئاگادارکراوەتەوە لەوەی چەند موشەکێک ئاراستەی بنکەی ئەمریکا کراوە بەڵام هێشتا هیچ وردەکارییەک ئاشکرا نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئیدانەی رووداوەکەی هەولێری کرد و وتی: ئەم تاوانە دەبێتەهۆی دروستکردنی مەترسی بۆسەر ئاسایشی وڵات و پێویستە لەسەر هەموومان پارێزگاری لە سەروەری عێراق بکەین و توندترین سزای ئەو کەسانە بدەین کە دەبنە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی وڵات و هاوڵاتیان.
هاوکات، بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، بەئامانجگرتنی هەولێر هەڵکشانێکی جددی و کارێکی تیرۆرستییە و ئەو هەوڵە نیشتیمانییانە دەکاتە ئامانج کە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و هاوڵاتیانی دەدرێن.
لایخۆیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەتوندی ئیدانەی رووداوەکەی کرد و رایگەیاند، سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانمان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی لێکۆڵینەوەی گشتگیر بکەن لەبارەی هێرشە موشەکییەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا توڕەیە لە رووداوەکەی هەولێر و وتی: لەگەڵ مەسرور بارزانی تاوتوێی رووداوەکەمان کردووە و پەیمانمانداوە هاوکاری هەموو هەوڵێک بدەین بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە و سزادانی کەسانی بەرپرس.
شەوی رابردوو، چەند موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەولێر کران و بەشێک لەو موشەکانە کەوتنە بنکەی ئەمریکا کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر.