خەڵاتی ئەدەبیی “لۆریاڵی زێڕین” لە دانیمارک بە ژنە نووسەرێکی کورد بەخشرا

پۆڵەتیک پرێس

رۆژی 18ی ئەم مانگە لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک خەڵاتی ئەدەبی ”لۆریاڵی زێڕین“، The Golden Laurel بە ژنە نووسەری کورد سارا عومەر بەخشرا.

لۆریاڵی زێڕین خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نووسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت. ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە. ئەمانە خەڵاتەکە بە کتێبێک دەبەخشن، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابێت.

نووسەری براوە کەسێکە زۆرترین خوێنەری ھەبووە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە. زۆرێک لە نووسەرە گەورەکانی دانیمارک ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە و ھەر نووسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

سارا عومەر لەبارەی ئەو خەڵاتەوە وتی: من کە دوێنی ئەو خەڵاتەم وەرگرت یەکەمین نووسەرێکم، کە پاشخانێکی کوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستم ھەیە. بەر لەمن ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەکەمین نووسەرێکی پەناھەندەم، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەکچۆن لە ھەمانکاتدا گەنجترین نووسەرێکم خەڵاتەکەم پێبەخشرابێت.

سارا دەشڵێت: بەبۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێکی تر پێ لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ دابگرم، وەکچۆن لە وتارەکەی دوێنێمدا لە شاری کۆپنھاگن باسمکرد. لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگیی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو مۆمۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە ڕێزی لێبگرن. من وەک نووسەرێک ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین بەگشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەکانیدا بەتایبەتی، بێدەنگببم. ئەگەر ڕۆمانەکانی من مانایەکیان ھەبێت ئەوا لە بەرگریکردنییاندایە لەم ئازادییانە و لە ڕێگرتن لە سوکایەتیکردندا بە مرۆڤ، یان کورتکردنەوەی بۆ کەسێک کە خاوەنی ڕا و بۆچوونی خۆی نەبێت و تەنھا گوێیەک بێت بۆ بیستن و دووبارەکردنەوەی قسە و بۆچوونی گەورەکانی.

ئەم ژنە نووسەرە کوردەی تاراوگە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەدەبی من و خۆشەویستیم بۆ نووسین، بوون بە شمشێرێک دژ بە نادادپەروەریی و سەرکوتکردن. لە ھەمانکاتدا خوێنەرەکانم بوون بە سوپا و بەو جەنگاوەرانەی، کە هەمان جەنگی من درێژە پێدەدەن. ئەوە ڕاستە کە کتێبەکانم بۆنی خوێنیان لێدێت، بەڵام خوێنی کێ؟ خوێنی ئەو ژن و کچانەی ڕۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لەدوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ ڕەوا نابینرێت. من وەک نووسەرێک و وەک مرۆڤێک باوەڕی تەواوم بەوەیە، کە پێویستە ھەمیشە ڕووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت و پارێزراوبێت، ڕووبەرێک بۆ ئەو شێوازانەش لە ھونەر، کە سنوورەکان دەشکێنن و ناترسن لەوەی شتێک بڵێن قبووڵنەکراو بێت و زۆرینەی کۆمەڵگا نەیەوێت بیبیستێ و بیبینێت.

سارا عومەر وەک خۆی دەڵێت ھیوادارە ئەم خەڵاتە شتێک لە ئومێد و باوەڕ لەناو ئەو کچ و ژنانەدا بچێنێت، کە وەک ئەو لە ڕۆژگارێکدا بێدەنگ و بێکەسایەتی کراون، بەڵام بەپێداگرتن لەسەر تەسلیمنەبوون و لەسەر بەرەنگاربوونەوە، دەبنە خاوەنی دەنگی خۆیان. دەنگێک، کە دەشێت دنیا بیبیسێت و دانی پێدابنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا