جێگر بەختیار: چیرۆکەکانم ھەڵقوڵاوی ئەندێشە و ئازارەکانی کۆمەڵگەن، میراتگری ناخۆشییەکانی ژیانن

پۆڵەتیک پرێس

وەشانی نووسیار لە چوارچێوەی خەڵاتی نووسیار بۆ کتیبی یەکەم به‌مزوانه‌ کۆمەڵە چیرۆکی (ژاوەژاو) لە نووسینی (جێگر بەختیار) چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه.

له‌باره‌ی بردنەوەی ئەم خەڵاتە جێگر بەختیار ده‌ڵێت: ”بوون بە براوەی خەڵاتی نووسیار خۆشترین و باشترین ڕووداوی ژیانم بوو. چێژی ئەو سەرکەوتنە تەواوی ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەمساڵی لەبیر بردمەوە. چاپکردن و بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێب بۆ ھەر نووسەرێکی لاو کارێکی دژوار و تاقەت پڕوکێنە. کاتێک لە پێشبڕکێیەکی وا براوە دەبیت تێدەگەیت ھێشتا ھیوا ھەیە تا ھەنگاو بنێیت بەرەو باڵاتر. ھێشتا کەسانێک ھەن پشتت بگرن و  ھانت بدەن تاکو سەرکەوتن بەدەست بھێنیت. ئەو خەڵاتە وەکو ڕێژنەیەک بەسەرم داباری ھێزی بەردەوام بوونی لەناخمدا زیندوو کردەوە. بەرھەمی ھەرنووسەرێک وەک کۆرپەلەی خۆشەویستە لەلای. خەڵاتی نووسیار مژدەی لەدایکبوونی نۆبەرەی من بوو.

هەروەها لە بارەی کۆمەڵە چیرۆکی ژاوەژاو وتی: ”کۆمەڵە چیرۆکی ژاوەژاو  بەرھەمی سێ ساڵ نووسینمە کە پێکھاتووە لە دوانزە چیرۆک. بە سووژە و تەکنیک و فۆڕمی جیا نووسراون. ھەڵقوڵاوی ئەندێشە و ئازارەکانی کۆمەڵگان. میراتگری نەھامەتی و ناخۆشیەکانی ژیانن.”

ئەم چیرۆکنووسە گەنجە زیاتر دەربارەی کتێبەکەی بۆ بەشی فەرهەنگی پۆلەتیک پرێس دوا و وتی: تەکنیکی چێرۆکەکان لە یەک جیاوازن و بە دەگمەن روویداوە چێرۆکێک لە یەکێکی دیکە بچێت و هەریەکەیان شێوازی خۆی وەرگرتووە، هەر چیرۆکە و بابەتێکی جیاوازی هەیە، بەتایبەت بابەتە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژییەکان لەخۆدەگرێت ، زۆربەیان ئیشکردنن لەسەر سایکۆلۆژیای مرۆڤ، بە گشتی کارەکتەری چیرۆکەکانم ئەو کەسانەن کە لە کۆمەڵگە پشتگوێ خراون. چیرۆکی کۆمەڵایەتی و کێشەی خێزان و کێشەی تاک لەناو خێزاندا، یەکێک لە چیرۆکەکان بە دیالێکتی ناوچەی هەولێر نووسراوە، تایبەتمەندی ئەم چیرۆکە ئەوەیە کلتورێکی کوردی و زمانێکی تەواو کوردەواریی و ناوچەیی هەڵگرتووە.

کاتێک لەبارەی ناوی کۆمەڵەچیرۆکەکەیەوە پرسیمان، جێگر بەختیار وتی: ناوی کتێبەکە، ناوی یەکێک لە چیرۆکەکانە، چیرۆکی ژاوەژاو تەکنیکێکی تایبەت بەخۆی وەرگرتوە، شێوازی گێڕانەوەی تەواو دەروون شێواوی پێوە دیارە ، کارەکتەر ماندووە و تووشی بەربەستی زۆر بووە، ژاوەژاو لەو چیرۆکەدا بەتەواوی دەردەکەوێت، زۆربەی چیرۆکەکانی دیکەش کەمێک ژاوەژاوییان تێدایە.

لەبارەی تەکنیکی نووسینی چیرۆکەکانییەوە جێگر بەختیار بە بەشی فەرهەنگی پۆڵەتیک پرێسی وت: لەم چیرۆکانەدا و بەتایبەت لە یەکێک لە چیرۆکەکان نوێگەری لە تەکنیکدا کراوە، بەجۆرێک تەکنیک دووبارە نابێتەوەو چیرۆکێکی دیکە بەو تەکنیکە نانووسرێتەوە. بشنووسرێتەوە هەمان چێژی نابێت. ئەم کۆمەڵە چیرۆکە زیاتر کارکردن بووە لەسەر تەکنیک چونکە بابەتەکان دووبارە بوونەوەیان هەیە بەڵام ئەوەی لەم کۆمەڵە چیرۆکە جێی کردووەتەوە، جیاوازی و تایبەتمەندی تەکنیکەکەی بووە.

ڕەئوف بێگەرد کە یەکێک بوو لە دادوەرانی هەڵسەنگاندنی چیرۆک لەبارەی هەڵبژاردنی وەک دەقی براوە دەڵێت:”کۆمەڵە چیرۆکی (ژاوەژاو) چەند کورتە چیرۆکێکی هونەریی لەخۆ دەگرێت کە دەتوانین بەگشتی لە بابەتی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، هونەریی، سێکسدا دەستنیشانیان بکەین. نووسەر بە زمانێکی پوختی دوور لە درێژدادڕی و بێزارکەر بابەتەکان دەگێڕێتەوە. فەزای چیرۆکەکان لەگەڵ ستایلی نووسین و وێنە و تەکنیک و فۆرمەکانیاندا گونجاون.

ئەو چیرۆکانەی نزیکن لە واقیعەوە، لەگەڵ ئەوانەیاندا کە خەیاڵی ڕووتی نووسەر و بەمەنەلۆژ دەربڕاون، هاوتەریب دەڕۆن و هاوسەنگیی خوێنەر تێک نادەن.”

جێگر بەختیار: لە دایکبوی قەزای شەقڵاوە لە ساڵی ١٩٩٤ ئێستا نیشتەجێی گوندی هرۆپ لە شارۆچکەی ڕانیە. خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆمە لە بواری ئایتی. چیرۆکەکانی لە زۆربەی ماڵپەڕ و پاشکۆ کەلتوورییەکان بڵاوکردۆتەوە.

وەشانی نووسیار ساڵانە کتێبی یەکەمی سێ دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی خەڵات دەکات لە بواری شیعر، چیرۆک و ڕۆمان. خەڵاتەکە بریتییە لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبە براوەکان، پێدانی بڕوانامەی نووسیار لەگەڵ دیاری پارچە سیرامیکی قەڵغانی نووسیار.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا