پۆڵەتیک پرێس
بەشی دووەمی ڕۆمانی “سێبەری با” بە ناوی ” یاری فریشتەکە ” کە نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ هیوا قادر لە سویدییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بڵاو کرایەوە.
سێبەری با، یاری فریشتەکە، بەندی ئاسمان، وێڵگەی ڕۆحەکان، ڕۆمانێکی چوارینەیە و دیارترین ڕۆمانی کارلۆس ڕیۆس زافۆنی ئیسپانییە و تا ئێستا دوو بەشی کراوەتە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاویکردووەتەوە.
هیوا قادر لە بارەی سێبەری با، بەشی یەکەمی ڕۆمانە چوارینەکەی زافۆن. دەڵێت: لە دوای دۆنکیخۆتەی سەرڤانتیس کتێبی هیچ نووسەرێکی ئیسپانیا کە خاوەنی ئەو هەموو نووسەرە داهێنەرە گەورانەیە نەیانتوانیوە هێندەی سێبەری با بڵاوببێتەوە و ببێت بە پڕفرۆشترین و ناسراوترین کتێبەکانی دنیا، تاکو ئێستا ئەم ڕۆمانە چوارینەیە زیاد لە پەنجا ملیۆنی لێ فرۆشراوە و بۆ دەیان زمانی دنیا بڵاوبووەتەوە.
هیوا قادر زیاتر لەسەر رۆمانەکە دەدوێت و دەڵێت: سێبەری با بە هەموو چیرۆکی عەشقە ناکامەکان و ڕووداوەکانییەوە یەکێکە لەو کتێبانەی کە دوای خوێندنەوەشی لەگەڵتدا ئەژی، بەناو شەقام و کوچەو کۆڵانەکانی بەرشلۆنەدا ئەتگەڕێنێت، جارناجارێک ئەتباتە ناو گۆڕستانە کۆنە بێ سنوورەکەی مونجویک و بەناو ئەو هەموو پەیکەری فریشتانەدا ئەتبات، کە هەموویان دەست لە ئاسمان پارێزگاری ئەو مردووانە ئەکەن کە هەر یەکەیان ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەر ئەم زەوییەبوون و خاوەنی چیرۆکی خۆیان بوون، ئازاری شەڕی ناوخۆ و کەتەلۆنیا و لێکترازانی کۆمەڵگەی ئیسپانی، هەموو ئەو ڕووداوانەی مەگەر تەنها نووسەرێکی وەک زافۆن بتوانێت بەو جۆرە سەرسوڕهێنەرە بیانداتە دەم یەک و ڕۆمانەکەی بکات سەرزەمینی ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان، لەسەرەتاوە پەلی خوێنەر بگرێت و بیبات لەگەڵ خۆی و کاتێکیش لە خوێندنەوەی ئەبێتەوە، بە خەیاڵێکەوە بەجێی ئەهێڵێت کە دواتر بتوانێت خۆی بە تەنها جار جارە بچێتەوە ناو ئەو دنیا سەیر و سەمەرەیە، وەک ئەوەی بچێتە ناو گەنجینەی کتێبە لەبیرکراوەکان و لەگەڵ خۆیدا کتێبێک بێنێتەوە.
لەبارەی یاری فریشتەکە، کە بەشی دووهەمی سێبەری بایە، هیوا قادر ئاماژە بەوە دەکات: ئەم ڕۆمانەش بەهەمان کەش و هەوای سێبەری با و نهێنی ناو گەنجینەی کتێبە لەبیرکراوەکان نووسراوە، بەڵام ڕووداوەکانی کەوتۆتە پێش ساڵانی ڕووداوەکانی سێبەری با، واتا سەرەتای ساڵانی هەزار و نۆسەدەکان.