كەركوك بووەتە كێشەی بەردەم هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق

پۆڵەتیك پرێس:
پەرلەمانی عێراق لەئەنجامی ئەو مشتومڕەی لەسەر دابەشكردنی بازنەكانی پارێزگای كەركوك هەیە، جارێكی تر شكستی هێنا لەپەسەندكردنی تەواوی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق.

شكستەكەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، هەرسێ پێكهاتەی پارێزگای كەركوك (عەرەب و كوردو توركمان) بەنیازی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشن بۆ گەیشتن بەلێكتێگەیشتن‌و چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییەی لەسەر دابەشكردنی بازنەكانی پارێزگاكە هەیەو لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش جەختیكردووەتەوە، یاساكە بەزۆرینەی پەرلەمانی پەسەند دەكرێت، ئەگەر پێكهاتەكان نەگەنە رێككەوتن.

لەدانیشتنێكی پەرلەماندا، كە رۆژی دووشەممەی رابردوو بەرێوەچوو، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی ئەو ناكۆكییەی لەسەر پارێزگای كەركوك لەسەر دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن هەیە چارەسەربكات، لەكاتێكدایە، دەنگ لەسەر دابەشكردنی بازنەكەنانی پارێزگای نەینەوا دراو بەزۆرینە پەسەندكرا.

پەرلەمانی عێراق لەرێگەی راگەیەنراوێك لەو بارەوە ئاشكرایكرد، دەنگدان لەسەر ناوچە جیاجیاكانی نەینەوا بەڕێوەچوو، بەزۆرینەش پەسەند كرا، بەڵام دەنگدان لەسەر قەزاكانی پارێزگای كەركوك دواخرا بۆ دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو.

عەبدولرەحیم شەمەری، پەرلەمانتاری نەینەوا بۆ عەرەبی جەدید لەو بارەوە وتی: ناوەندی پارێزگای نەینەوا، كە شاری موسڵە دابەشی 8 بازنە كراو پێنج كورسی بۆ لای راست‌و سێ‌ كورسیش بۆ لای چەپی موسڵ دانراوە، لەگەڵ سێ‌ كورسی بۆ شەنگال‌و چوار كورسی تریش بۆ تەلەعفەرو پێنج كورسیش بۆ ناوچەی بەعاج دیاری كراوە.

شاری موسڵ بەپێی ئەو دابەشبوونە، تایبەتمەندی خۆی پاراست

عەبدولرەحیم شەمەری وتیشی: شاری موسڵ بەپێی ئەو دابەشبوونە، تایبەتمەندی خۆی پاراست، بەڵام یەكێك لەگەڕەكەكانی لێ لابراوەو لەگەڵ یەكێكی تر تێكەڵ كراوە، چونكە ناكرێت لەبازنەیەك زیاتر لە 5 كورسی هەبێت.

لە دانیشتنی ڕۆژی شەممەی رابردوودا، پەرلەمانی عێراق لە 16 پارێزگا دەنگی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا، بەهۆی جیاوازی سیاسییەوە پارێزگای كەركوك و نەینەوا پەسەند نەكراو ئێستاش تەنیا پارێزگای كەركوك ماوە دەنگی لەسەر بدرێت.

لەكاتێكدا سەرچاوە سیاسییەكان باسیان لەنزیكبوونەوەی عەرەب و كورد لەكەركوك دەكرد، بەڵام زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، توركمانەكانی كەركوك ئەو دابەشكردنە ڕەتدەكەنەوە، كە بۆ پارێزگاكە دیاری كراوەو بەو هۆیەشەوە لایەنەكان تائێستا نەگەیشتوون بەرێككەوتن.

توركمانەكانی كەركوك ئەو دابەشكردنە ڕەتدەكەنەوە

نوێنەرانی عێراق لەپێكهاتەی توركمان داوادەكەن پارێزگاكە سێ پێكهاتەی هاوسەنگ‌و یەكسانی هەبێت، وەك گرەنتییەك بۆ مافی پێكهاتەكان، بەڵام كورد ئەوە رەتدەكاتەوەو عەرەبەكانیش پشتگیری ناكەن.

لەو بارەوە محەمەد غودزی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت: توركمانەكانی كەركوك ناڕازین لەدابەشكردنی كورسییەكانی پارێزگاكە، بەتایبەتی ناوەندی پارێزگاكە، كە شاری كەركوكە.

وتیشی: ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، پەرلەمان بەدەنگدانی زۆرینە دابەشكردنی بازنەكانی پارێزگاكە تێدەپەرێنێت‌و هیچ تایبەتمەندییەك نادات بە پارێزگاكە، وەك ئەوەی پێكهاتەكانی دیاری دەكەن.

ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، پەرلەمان بەدەنگدانی زۆرینە دابەشكردنی بازنەكانی پارێزگاكە تێدەپەرێنێت

لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگی دا بەیاسای نوێی هەڵبژاردنەكان و عێراقی بەسەر 83 بازنە دابەشكرد، بەڵام بەشێك لەپێكهاتەكان لەچەند پارێزگایەكی عێراق ئەو دابەشكارییەیان رەتكردەوە.

لەسەرەتای مانگی ئابی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021 ی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق دیاریكردو بڕیارە لەو وادەیە هەڵبژاردنەكە بەرێوەبچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا