ئەڵماس فازڵ: پێویستە پێشوەختە هەرێم‌و ناوەند رێككەوتنی سیاسی بكەن

پۆڵەتیك پرێس :سازدانی شادان حەسەن
ئەڵماس فازڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس باس لەگرفت و كێشەكانی بەردەم تێپەڕاندنی پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق دەكات كە ئێستا لە پەرلەمانەو ئاماژە بەوەدەكات، كەمكردنەوەی موچەو بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارو پشكی هەرێم، گرفتی گەورەی بەردەم تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكەن، هەروەك باس لەوەشدەكات ناكرێت لە هەرێم و بەغدا هاوڵاتیان و فەرمانبەران باجی گرفتی سیاسی بدەن، دەشڵێت، پێویستە شاندی سیاسی سەردانی بەغدا بكەن و پێشتر هەرێم و بەغدا رێككەوتنی سیاسی لەسەر تێپەڕاندنی پشكی هەرێم بكەن.

پۆڵەتیك پرێس: ئەو باج و كەمكردنەوەی لەسەر موچەی فەرمانبەران دانراوە لە پرۆژەیاسای بودجە چی بەسەر دێت، جارێكی دیكە بۆ یان خەرجدەكرێتەوە؟
ئەڵماس فازڵ: بەگشتی لەسەر پرۆژە بودجەكە كێشە و گرفتێكی زۆر هەیە، گفتوگۆی زۆر تێدەپەڕێت لەسەری، چونكە ئەو باجەی دانراوە لەسەر موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، ڕەوا نییە، ناكرێت هاوڵاتی و فەرمانبەر باجی گرفتی سیاسی بدات لەعێراق و هەرێم، ئەوەش لەناو زۆرینەی پەرلەمانتاران ناڕەزایەتیەكی زۆری لەسەرە بە تایبەت بە و ڕێژە زۆرە، لەئێستادا كە بەهای دۆلار بەرزبوەتەوە بەرانبەر بە دیناری عێراقی، بۆ ئەوەی بەشێك لەموچە بدات، بەڵام لەبەرانبەردا ئەو باجە دانراوە دەبێتە گرفت بۆ یاساكە، بەهۆی ئەوەی بودجەی خەمڵێندراو بودجەیەكی زەبەلاحە باشترە لە بودجەكە كەمبكرێتەوە.

پۆڵەتیك پرێس: ئەو باجەی لەسەر، فرۆكەوانی، جگەرە، توتن، ئینتەرنێت، ماددە كحولیەكان دانراوە تاچەند جێگەی قبوڵكردنە و پێتان باشە؟
ئەڵماس فازڵ: ئەو باجەی لەسەر ئەو بابەتانە دانراوە تا رادەیەك باشە و جێگەی قبوڵكردنە، بەڵام باج خستنەسەر موچەی هاووڵاتی و فەرمانبەران گرفتێكی زۆری لێكەوتووەتەوە خەڵك ناتوانێت دووجار لێبڕینی لێبەسەربێت لەلایەك شتومەك و كاڵا بەهۆی بەرزی بەهای دۆلار و لەلایەكی دیكەشەوە جارێكی دیكە باج بداتەوە و رێژەیەك لەموچەكەی كەمبكرێتەوە، جێگەی قبوڵكردن نییە.

پۆڵەتیك پرێس: هەڵوێستی لایەنەشیعییەكان لەسەر بودجە چییە؟
ئەڵماس فازڵ: بەپێی ئەو لێدوان و زانیاریانەی لەراگەیەندنەكان بینویمە، ئەوانیش سكاڵایان لەسەر دانانی ئەو باج و گرفتانەی روبەڕوی موچەی فەرمانبەران بووەتەوە لە پرۆژە بودجەكەدا هەیە.

پۆڵەتیك پرێس: لەئەگەری رێكنەكەوتنی حكومەتی عێراق و هەرێم هیچ لێكەوتەیەك لەسەر پشكی هەرێم لە پرۆژە بودجەكە دروست دەبێت؟
ئەڵماس فازڵ: دڵنیام لە پەرلەمانی عێراق لێكەوتەیەكی زۆری دەبێت، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتەكە رادەستی سۆمۆ نەكات پێموایە ئیتر دەبێت جارێكی دیكە شاندی دانوستانكاری هەرێم سەردانێكی دیكەی بەغدا بكاتەوە، چونكە تائێستا رون نییە كە لە ئێستا بەدواوە هەرێم نەوت رادەستی سۆمی دەكات و هەردولا پابەندی رێككەوتنەكە دەبن یاخود نا، ئەگەرنا لە پەرلەمانەوە زۆر مەترسی لەسەر پشكی كورد لە پرۆژە بودجەكەو ماددەی 140 دانانی بڕە بودجەیەك بۆی هەیە، لەم بدجەیەدا هەم كورد و هەم شیعەش گرفتی زۆریان هەیە، چونكە كورتهێنانەكە كورتهێنانێكی زۆرە.

پۆڵەتیك پرێس: گرنگی ئەنجامدانی رێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم چییە بۆ پرۆژە بودجە و موچە؟
ئەڵماس فازڵ: بەهیوام نەگەینە ئەو ئەنجامەی رێككەوتن نەكرێت، ئەگەر پێشوەختە رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت پێش ئەوەی ئێمە بچینە قۆناغی پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژە بودجەكە، مەترسی تێپەڕاندنی نابێت بەبێ كورد، وەك ئەوەی لە پرسی پرۆژەیاسای قەرزەكەیان بەبێ ئامادەنەبوونی كورد تێیانپەڕاند، واتە پێویستە ئەو رێككەوتنە بكرێت، چونكە هەمووكات رێكنەككەوتنی هەردولا باجەكەی هاوڵاتی و موچەخۆران دەیدەن.

پۆڵەتیك پرێس: باس لە چونی شاندێكی دانوستانكاری سیاسی هەرێم بۆ بەغدا دەكرێت، ئەو شاندە دەتوانێت چی بكات، لەكاتێكدا ئەنجامی شاندی دانوستانی حكومەت دەرئەنجامێكی روونی نەبوو؟
ئەڵماس فازڵ: من پێموایە شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم رۆڵی خۆی هەبوو، چونی شاندی سیاسیش زۆر گرنگە بۆ ئەو چارەسەركردنی ئەو گرفتە سیاسیانەی لەنێوان هەردولادا هەیە، ئەوەی گرنگە پێویستە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو سەردانە بكرێت، چونكە پێشتر هەرێم هەنگاوی باشی ناوە و رێككەوتنێكی كردووە ئێستا بۆ كۆتایهێنان بەو رێككەوتنە، كە پێویستبوو حكومەتی عێراقیش هەنگاوی ئەوە بنێت بودجەی كۆتایی بۆبنێرێت بەڵام نەینارد، ئەو سەردانە بكرێت.

پۆڵەتیك پرێس: دوای بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار و جێگیركردنی 100 دۆلار بەرانبەر بەدینار 145 هەزار دینار، فرۆشی بانكی ناوەندی بەبەراورد لەگەڵ پێشتر بۆ نیوە كەمیكردووە، هیچ ئەگەرێك هەیە بۆ كەمكردنەوەی بەهای دۆلار؟.
ئەڵماس فازڵ: من بەدوری دەزانم جارێكی دیكە بەهای دۆلار كەمبكرێتەوە، چونكە بەهاكەی لە پرۆژە بودجەكەدا جێگیركراوە، لەدۆخی ئێستاشدا بەبەرزكردنەوەی ئەو بەهایە دەتوانێت پارەی نەختینەیی دەستبكەوێت بۆ ئەوەی لایەنی كەم موچەی سێمانگی فەرمانبەران بدات، چونكە سێ مانگی موچەی فەرمانبەان بە قەرزدرا و دواشكەوت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا