هەڤاڵ ئەبووبەکر: بەبارمتەگرتنی مووچە، جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستانە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکیدا کە بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی ناردووە دەڵێت،”دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەستبەدابەشکردنی موچەو بوجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوەو کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن، بۆ ئەوەی مانایەک بۆ حوکمڕانیی و ئاشتیی و ئاسایش و ئابوریی و ئاوەدانیی؛ بگەڕێتەوە”.

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە وتارێکیدا بەناونیشانی “کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە” رایدەگەیێنێت، ” بە بارمتەگرتنی خەڵک و خاک و ژیان و کارو بژێویی و موچەو بوجەی خەڵکی کوردستان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوەندو بە کەمتەرخەمیی و سەرکەشیی و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بە دەستتوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی، تەواوکردنی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان و زیادکردنی ئیکۆسایدو ئیکۆنۆمیکساید و بایۆسایدە بۆ پرۆسەی پاکتاوکردنی ڕەسەنترین دانیشتووانی سەر ئەم زەمینەو, لە باربردنی ئارامیی دەرونیی تاک و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی گشتییە”.

دەشڵێت، “چارەسەرنەکردنی کێشەو قەیرانە قوڵەکانی دارایی و ئابوریی لە دە ساڵی ڕابردوداو بە ئێستاشەوە، گەورەترین زیانی بە خەڵکی کوردستان و دامودەزگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان گەیاندووە، پاشەکەوت و لێبڕین و کەمکردنەوەو خەرجنەکردنی موچە لە ڕۆژژمێری مانگانەی خۆیدا؛ پابەندیی کارگێڕیی ناهێڵێت و بایکۆتی ناچاریی دەهێنێتەکایەوەو ڕاژەو خزمەتگوزارییەکان پەکدەخات و مانایەک بۆ دامەزراوە حکومییەکان ناهێڵێتەوەو زیانی گەورەیش لە کەرتی تایبەت دەدات، پەیوەندیی و متمانەی نەک تەنها خەڵک بە حکومەت ناهێڵێت، بەڵکو پابەندیی و پەیوەندیی و متمانەی فەرمانبەرانیش بە خودی حکومەت لەبەیندەبات، شیرازەی خێزان دەپچڕێنێت و مانا بۆ هیچ شتێک ناهێڵێتەوە”.

پارێزگاری سلێمانی لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت، “دەمانووت؛ داهات و دارایی و موچەو بوجە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکانتان مەکەن؛ نەتانبیست، ئێستا کە تێکەڵتان کردووە؛ دەبێت ئیرادەو توانستی ئەوەتان هەبێت کە بە خێرایی لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەری بکەن”.

دکتۆر هەڤاڵ داواش دەکات، “دەست لە قۆرخکردنی داهاتی گشتیی هەڵبگرن و دەستبەدابەشکردنی موچەو بوجە خزمەتگوزارییەکان بکەنەوەو کۆتایی بە بەتاڵکردنی کاسەی ماڵان و بەتاڵانبردنی داهات و سامانی گشتیی بێنن، بۆ ئەوەی مانایەک بۆ حوکمڕانیی و ئاشتیی و ئاسایش و ئابوریی و ئاوەدانیی؛ بگەڕێتەوە”.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پارێزگاری سلێمانی جەخت لەوەدەکاتەوە کە ” پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوور لە خواست و ئەجێنداو ململانێی هەموو حیزبەکان؛ دارایی دارای خۆی ڕێکبکاتەوەو، بچێتە بەغداو بچێتە شوێنەکانی ترو شەڕی داوا ڕەواکانی خەڵک بکات و، خۆی لە قوڵکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان؛ دوربخاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا