پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی کرد و لەگەڵ ئەفسەران و خوێندکارانی ژنی کۆلێژەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە ( 25ی شوباتی 2024) بەڕێوەچوو و راگری کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان ئامادەی بوو، جێگری سەرۆک وەزیران، رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە کردنەوەی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرز نرخاند و وەبیری هێنایەوە کە سەرۆک مام جەلال گرنگی تایبەتی دەدا بە بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ژن لەناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکاندا.
جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی مامۆستایان و ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە؛ ژمارەیەکی زۆر ئەفسەری دەرچووی ئەم کۆلێژە لە کوردستان و عێراق لەپێگەی گرنگن و خزمەت دەکەن.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پێشتر عەقڵییەتێک هەبوو کە کۆسپ بوو لە بەردەم بەشداریکردنی ژنان لەم جۆرە خولانەدا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەو عەقڵییەتە بەرەو کاڵبوون رۆیشتووە و دەبێت بە تەواوەتی نەهێڵرێت. دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی کە ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرزتر دەبێتەوە و ئامادە دەبن بۆ ئەوەی شان بە شانی پیاوان بەرگری لە خاکی کوردستان و هاوڵاتییان بکەن.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: متمانەی تەواومان بە توانای ژنان هەیە لە ناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا و داواشیکرد ژنان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن لە پەرەپێدانی توانا و شارەزایی خۆیان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا ئێمە هێزێکمان دەوێت کە بە شێوەیەکی پیشەیی بەرگری لە خاک و هاوڵاتییانی کوردستان بکات، هێزمان بۆ ئەوە ناوێت کە غەدر لە هیچ کەس و لایەنێک بکات.