گۆڕان: لەگەڵ ئەوەداین متمانە لەنێوان لایەنە سیاسیەكان زیاتر بێ

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەبوین ئەو رێككەوتنانەی هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی، زیاتر جیبەجێ بكرێن و متمانە لەنێوان لایەنە سیاسیەكان زیاتر بێ، دەشڵێت، لەبری ئەوەی بەغدا بكەینە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی حزبیی بەرتەسك و بچوك، بتوانین داكۆكی لە ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین و پێگەی كورد بەهێز بكەینەوە.

دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بەڕێوەچوو، ئەجێندای كۆبوەنەوەكە چەند تەوەر و چەند پرسێك و چەند بڕیارێكی تێدا گەڵاڵەبو.

راشیگەیاند، پەیوەندیدار بە دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان؛ بڕیاردرا لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا قۆناغی دوەمی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی قەزاكان و باژێروانەكان بەڕێوەبچێت و هەمو هەوڵێكیش بدرێت بۆئەوەی لەمساڵدا دوەم كۆنفرانسی نیشتیمانی خۆی بەڕێوەبەرێت.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەبوین ئەو رێككەوتنانەی هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی، زیاتر جیبەجێ بكرێن و متمانە لەنێوان لایەنە سیاسیەكان زیاتر بێ و پڕۆسەی چاكسازی گشتگیر و گۆڕانكاری بچێتە پێشەوە و بتوانین متمانەی خەڵكی خۆمان بەدەستبهێنینەوە و لە هەموی گرنگتر حكومەتی هەرێم بتوانێت مانگانە موچە بە بێ لێبڕین دابەش بكات.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پێمانوایە قۆناغی داهاتو قۆناغێكی چارەنوسسازە بۆ میللەتەكەمان، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئیداری و خزمەتگوزاری لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەوەمان لێدەخوازێت، لەبری ئەوەی بەغدا بكەینە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی حزبیی بەرتەسك و بچوك، هەنگاوی گرنگ بنێین بۆ بەهێزكردنەوەی پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ لایەنی شیعە و سوننە و پێكهاتەكانی دیكە لە عێراقدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا