ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەک لەبارەی کوژرانی گەنجەکەی چەمچەماڵ بڵاودەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی روونکردنەوەیەک لەبارەی کوژرانی گەنجێک لە چەمچەماڵ بڵاودەکاتەوە و دەڵێت “پێشینەی تاوانی هەبووە” و شەوی رابردوو کاتژمێر 12ـی شەو “لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنی “تەقەی لە هێزەکانمان کردووە” و دواتر لە رووبەڕووبونەوەدا بریندار بووە و گیانی لەدەستداوە”.

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانیدا هاتووە، شەوی رابردوو 16-2-2024 کاتژمێر 12ـی شەو لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی 405 لەیاسای سزادان، هێزەکانیان بەمەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوێک و جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا لە قەزای چەمچەماڵ “هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبار ( عیسا عەلی جبار )درا”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاسایشی سلێمانی، تۆمەتبار پاش ئەوەی داوای لێکرا خۆی بەدەستەوە بدات، “بەچەکی دەمانچە رووبەڕووی هێزەکانمان بووەتەوە و لە ئەنجامدا تۆمەتبار بە برینداری دەستگیرکرا و راستەوخۆ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو” لە ئەنجامدا “گیانی لەدەستدا و ئەو چەکەی لە رووبەڕووبوونەوەکەدا تۆمەتبار بەکاریهێنابوو دەستی بەسەردا گیرا”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئاسایش، “(عیسا عەلی) پێشینەی تاوانی هەبووە و بەر لە سێ مانگ لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دەستگیرکراوە بە تاوانی تەقەکردن و نانەوەی پشێوی و هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیان و هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت بۆ ئەم مەبەستە ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە، دواتر دادگا بە کەفالەت ئازادی کردووە”.

لە درێژەی روونکردنەوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، “تۆمەتبار بۆ دزیکردن لەشەودا چۆتە سەر خوێندنگەی (فەقێ قادر) لەگەڕەکی ئازادی چەمچەماڵ”.

“تۆمەتبار بەردەوام بووە لە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و تەقەکردن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتیمان دوای لێکۆڵینەوە و چاودێری وورد و خستنەڕووی بەڵگەکان بۆ دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بۆ جاری دووەم فەرمانی دەستگیرکردن بە ماددەی (٤٠٥)بۆ تۆمەتباری سەرەکی (عیسا عەلی) و هاوکارەکەی (ئێڤەرەست محمد توفیق)دەرکرا، لە ٢٠٢٤/٢/١٦ تۆمەتبار (ئێڤەرەست) دەستگیرکرا و دانی بەوەداناوە کە چەندین جار لەگەڵ (عیسا عەلی) لەناو قەزای چەمچەماڵ تەقەیان کردووە و سەرانەیان لە هاوڵاتیان وەرگرتووە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا