شۆڕشی پیشەسازی.. گەورەترین گۆڕانکاری لە جیهانی مرۆڤایەتی

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

شۆڕشی پیشەسازی بە گەورەترین کۆڕانگاری لە جیهانی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت، لەڕێگەیەوە چەندین داهێنان کرا و چەندین زانستی نوێ هاتەکایەوە، مرۆڤەکان لە ئابوورییەکی پشت بەستوو بە کشتوکاڵ و شوانییەوە بەرەو ئابووری پیشەسازی هەنگاویان نا.

شۆڕشی پیشەسازی، ناوێکە لێکۆڵەران و ئابوریناسان داویانەتە پاڵ ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی لەم 200 ساڵەی کۆتاییدا ڕوویانداوە، دەکرێت ئەم گۆڕانکاریانەش بریتی بن لە شێوازی ژیان، کار و شێوەی بەرھەمھێنانی شتومەک، هەرچەندە ئەم گۆڕانکاریانە لە پڕ ڕویان نەداوە، بەڵام ئەمڕۆ کەم شوێن ھەیە کە بەھرەمەند نەبوبێت لە شۆڕشی پیشەسازی.200 ساڵ پێش ئێستا ژمارەی دانیشتوان لە شارەکان زۆر کەم بوون. بەڵام ئەمرۆ لە زۆربەی شوێنەکانی دونیا خەڵکێکی کەمتر لە گوندەکان دەژین و ھەتا رێژەیەکی کەمتریش لەو شوێنانە کار دەکەن.

پیشەسازی لە شارستانیە کۆنەکان بوونی ھەبووە. شوێنەوارناسان لە پشکنینەکانیاندا دەستیان بە شتانێک گەیشتووە کە ئاماژە لە بوونی جۆرێک پیشەسازی دەکەن. ھۆکاری بوونی پیشەسازیش ئەوەیە کە خۆراکی پێویست بەرھەم دێت. بە واتایەکی دیکە دەرکەوتنی پیشەسازی بەرھەمی خۆراکی پێویستی گەیاندە ئاستێکی داواکراو، دەرفەتی بەخشیە بەشێک لە خەڵکی کە لە جیاتی کارکردن لە زەویە کشتوکاڵیەکان و بەرھەم ھێنانی خۆراک بەدەستی خۆیان، سەرقاڵی کاری دیکە بن. ھۆکارێکی گەشەی پیشەسازی، داھێنانی ئامرازەکانی گۆاستنەوەی کاڵا بەرھەم ھاتووەکانە بۆ بازاڕەکان. ئەمەش خاڵێکی گرنگە، چونکە ئەگەر بازارێک نەبوایە بۆ فرۆشتنی کەل و پەلەکان، ئەوا بەرھەم ھێنانی شتومەک بێ سوود بوو. لەبەرئەوە بازرگانی ھاوکار بوو بۆ گەشەی پیشەسازی.

مەبەست لە شۆڕشی پیشەسازی ئەوەیە، کە بەرهەمەکان لەڕێی هێزی ئامێر و بەکارهێنانی ئامێرەوە بەدەست بهێنرێنن نەک لەڕێی سوود وەرگرتن لە هێزی کاری دەستی کرێکار. شۆڕشی پیشەسازی بەهۆی ئەو پێشکەوتنە زانستییەوە سەری هەڵدا کە ئەوروپای ڕۆژئاوای گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی پیشکەوتنێکی بەرچاو لەبواری تەکنەلۆژیدا و بووە هۆی دروستکردنی چەندین ئامێری پێشکەوتوو وەک ئامێری هەڵمی      (Steam engine) کە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا لەبواری بەرهەمهێناندا لەچاو ئەو بەرهەمی کە بەدەستی هێزی کاری کرێکارەکان بەدەست دەهات، ئەم سەرکەوتنەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی ئەم ئامێرە هەڵمانە لەتەواوی کایە پیشەسازیەکاندا لە سەرتاسەری بەڕیتانیا و ئەوروپا، وەکو پیشەسازی بواری ڕستن و چنین ، بواری کورەی تواندنەوەی ئاسن  و بواری دروستکردنی ئامێرە کشتوکاڵیەکان. هەموو ئەم داهێنان و پێشکەوتنانە دواتر بوونە هۆی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و دروستکردنی ئامێرە کارەباییەکان و دۆزینەوەی سووتەمەنی بەردین کە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لە بواری لایەنی ئابووری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانی ئەوروپادا.

لماذا بدأت الثورة الصناعية في أوروبا ولم تبدأ عندنا؟ • نون بوست

شۆڕشی پیشەسازی کەی سەریهەڵدا؟

شۆڕشی پیشەسازی ئەو شۆڕشەیە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەم لە ئەوروپا سەری هەڵدا و دواتر هەموو جیهانی گرتەوە. ئەم شۆڕشە بووە هۆی ڕوودانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە گشت لایەنەکانی ژیاندا ، چ لایەنی سیاسی ، کۆمەڵایەتی یاخود ئابووری بێت، ئەویش بە سوود وەرگرتن لە ئامێری میکانیکی کە دەیان توانی هەستن بە ئەنجامدانی چەندین جۆر کار لە بوارە جیاجیاکاندا لە جێگەی چەندین کرێکاردا.

ئینگلتەرا بە یەکەمین وڵات دادەنرێت کە شۆڕشی پیشەسازی تێیدا سەری هەڵدا ئەویش بەهۆی چەندین هۆکارەوە بوو کە لەوێدا بوونی هەبوو، گرنگترین ئەو ئەنجامانەی کە شۆڕشی پیشەسازی لەوێدا دروستیکرد بریتی بوو لە پێشکەوتن لە بوارەکانی ڕستن و چنین و بواری کانزاسازی بەڵام یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکان بریتی بوو لە دروستکردنی ئامێری هەڵمی (Steam engine) کە بووە هۆی پێشکەوتنیکی بەرچاو لە بواری ئابووریدا.

لەهەموو جیهاندا خواست لەسەر هەموو پێداویستییەکی ئامادەکراو زیاتر بوو، بۆ بەرهەمهێنانیشتیان پێویستیان بە سەرچاوەکانی وزە بوو، لەوکاتەدا سووتانی دارەکان سەرچاوەی سەرەکی وزە بوون، بەڵام هێزێکی زۆری دەویست و کارێکی سەخت بوو، بۆیە بەرەو بەکارهێنانی خەڵوز هەنگاویان نا، دەرهێنانی خەڵوز لە بەڕیتانیا بەهۆی نزیکبوونی کانەکان لە زەوییەوە ئاسان بوو، بەوشێوەیە خەڵوز بوو بە یەکەمین ماددەی سروشتی، کە بۆ بەدەستهێنانی وزە بەکارهێنراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زیادبوونی خواست لەسەری زۆربوو دەبوایە خەڵوزی زیاتر دەربهێنن بۆ ئەو مەبەستەش دەبوایە زیاتر بچنە ناو قوڵای چیاکانەوە، کە لە خۆیدا کێشەیەک بوو چونکە پڕبوو لە ئاوی ژێر زەوی و باراناو دەبوایە دەربهێنرێت.

لەساڵی 1712، سۆماس نیوکۆمن، توانی ئامێرێکی بەرزکەرەوە بدۆزێتەوە، کە بە خەڵوز کاری دەکرد و سوودێکی باشی لێوەرگیرا، ئامێرەکە هەڵمی دەکرد و بەوشێوەیەش بوو بە یەکەمین ئامێری هەڵمی لە جیهاندا.

المحرك البخاري: من اخترعه ومتى؟ - أنا أصدق العلم

شۆڕشی پیشەسازی یەکەمجار لە بەڕیتانیاوە دەستپیکرد، بەڵام ڕیشەی ئەم شۆڕشە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نوێبونەوەیەی  لەسەدەی شازدەهەم وڵاتە ئەوروپییەکانی گرتەوە، ئەم نوێبونەوەیەش پێویستییەکی زۆری بە بەرهەمی زۆر و خێرا بەدەستهێنانی بەرهەمەکە بوو ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتنی ئامێری هەڵمی لە سەدەی هەژدەهەم.

شۆڕشی پیشەسازی بە دروستکردنی ئامێری هەڵمی و بڵاوبونەوەی بە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکای باکوردا دەستپێدەکات، کە دواتر دەبێتە هۆی دۆزینەوەی کارەبا و بنیاتنانی هێڵی ئاسنین و دروستبوونی کێبڕکێی و بەربەرەکانی لەنێوان وڵاتە ئەوروپییەکاندا لەسەر بەرهەمهێنانی پشەسازی.

نیشانە سەرەتاییەکانی شۆڕشی پیشەسازی لە بەڕیتانیا بریتی بوو لە بوژاندنەوە لە بەرهەمهێنانی خەڵوزی بەردین، پیشەسازی پۆڵا، دروستکردنی پرد و ڕێگەوبان و پێشکەوتن لە بواری گواستنەوەدا. هەروەها شۆڕشی پیشەسازی دەبێتە هۆی سەهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ ئەویش بەهۆی بەهەمهێنانی کەلوپەلی کشتوکاڵی و بەکارهێنانی لەم بوارەدا، کەدەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەم و خێرایی کار. شۆڕشی کشتوکاڵ دەبێتەهۆی ئەوەی  کە کرێکارێکی زۆر دەست لە مەیدانی کشتوکاڵی هەڵگرن و ڕوبکەنە کارگە پیشەسازییەکان.

قۆناغەکانی شۆڕشی پیشەسازی:

قۆناغی یەکەمی شۆڕشی پیشەسازی لە بەڕیتانیا لە ساڵی 1770ز دەرکەوت و تاوەکو ساڵی 1830ز درێژەی کێشا، لەم ساڵانەدا بەڕیتانیا بەرەوپێش چوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە بواری ئابووری و سەربازیدا بەراورد بەهەموو وڵاتانی جیهان.

قۆناغی دووەمی شۆڕشی پیشەسازی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم لە  ئەمەریکا دەستیپێکرد ئەو کاتەی زانای ئەمەریکی تۆماس ئەدیسۆن  توانی ڕووناکی لە وزەی کارەبا دروستبکات، هەروەها لەم قۆناغەدا بوو نەوت دۆزرایەوە و بوویە هۆی پێشکەوتنی پیشەسازی، دەرکەوتنی هێڵی ئاسنینیش رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە قۆناغی دووەمی شۆڕشی پیشەسازیدا کە توانی جێگەی گالیسکەکان بگرێتەوە لە گواستنەوەی کەلوپەلدا.

لە سەددەی بیستەم وزەی کارەبا کە لە وزەی ئاو وەردەگیرا، بناغەیەکی گونجاو بوو بۆ پیشەسازی کردنی زۆرێک لە وڵاتان بە تایبەت ئەفریقا.

شۆڕشی پیشەسازی بووە هۆی بوژاندنەوەی لایەنی ئابووری و پێشکەوتن لە بوارەکانی پزیشکی و پیشەسازی لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت بەڕیتانیا، چەندین بەرهەمی هەبوو لەوانە، بەرهەمی ئابووری، کە یەکێک لە بەرهەمەکانی شۆڕشی پیشەسازی بەرهەمی ئابووریە، لەماوەی ئەم شۆڕشەدا توانرا بەرهەمە پیشەسازییەکان لە هەموو بوارەکاندا لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتییەوە بەرەوپێشچوون بە خۆیەوە ببینێت لەگەڵ کەمکردنەوەی ئەرک و تێچووی بەرهەمەکان لەسەر خاوەن کارگەکان، هەروەها شۆڕشی پیشەسازی بووە هۆی شۆڕشی کشتوکاڵی بەهۆی زۆربوونی وەبەرهێنان لەم بوارەدا و دروستبوونی تەکنیکی نوێ لە زیاترکردنی بەهەمە کشتوکاڵیەکان و فراوانکردنی زەویە کشتوکاڵییەکان.

شۆڕشی پیشەسازی گۆڕانکارییەکی گەورەی خستە سیستەمی چینایەتی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا، بەشێوەیەک کۆمەڵگە دابەشبوو بۆ دوو چینی سەرەکی ، چینی یەکەم چینی خاوەن کار و کارگە پیشەسازیەکان بوون، ئەم چینە لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژیان،  چینی دووەم چینی کرێکارەکانە کە لە کارگەکاندا لەبەردەم چینی یەکەم کاردەکەن، کە زۆربەیان ئەو ئاوارانە بوون لە ناوچەکانی ترەوە هاتبوون بە دوای کاردا بگەڕێن، لەڕوی لایەنی ئابوورییەوە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ئەم دوو چینەدا هەیە، ئەمەش وای لە چەندین وڵات کرد چەندین  ڕێکار بگرنە بەر بۆ دانانی یاسای کار کە بتوانێت لایەنی کۆمەڵایەتی و تەندروستی کرێکارەکە بپارێزێت.

شۆڕشی پیشەسازی بووە هۆی وازهێنانی خەڵکێکی زۆر لە کاری دەستی و کشتوکاڵی بۆ کارکردن لە کارگە پیشەسازییەکاندا، ئەمەش بووە هۆی کۆچی بە لێشاوی دانیشتوان لە ناوچە کشتوکاڵییەکانەوە بۆ شارە پیشەسازییەکان  و بوون بە کرێکار لە کارگە پیشەسازییە سەختەکاندا .

ئەم ژیانە نوێیە وای لەکرێکارەکان کرد کە بە دۆخێکی قورسدا تێپەڕن لە لایەنی ئابوورییەوە، بەم هۆیەشەوە هەموو ئەندامەکانی خێزانەکە کاریان دەکرد بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە قورسە، لەگەڵ دەستپێکی سەدەی نۆزدە ئەم چینە توانیان مافی دروستکردنی ڕیکخراو بۆخۆیان بەدەست بهێنن، کە بویە هۆی ڕێککردنی کاتی کارکردنیان و باشترکردنی بواری ئابووری و گەرەنتیکردنی لایەنی کۆمەڵایەتییان.

هەروەها شۆڕشی پیشەسازی کاریگەری لەسەر لایەنی ڕۆشنبیری و ڕامیاری هەبوو وەک، دەرکردنی یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی لە پاراستنی کرێکارەکان لە هەر ڕووداوێک و بێکاری و تەندروستییان، پێدانی مافی دەنگدان بە کرێکارەکان بەتایبەت ئافرەتان، دەرکەوتنی چەند لایەنێکی سیاسی کە داوای مافی کرێکارانی دەکرد و بەژداریان دەکرد لە پڕۆسەی سیاسی وڵاتەکاندا، گەرمبوونی بەربەرەکانێ لە نێوان دەوڵەتە پیشەسازیەکاندا بۆ دەستگرتن بەسەر سەرچاوەی ماددە خاوەکان و بازارە جیهانیەکاندا.

U Beogradu se uskoro otvara Centar za četvrtu industrijsku revoluciju -  06.02.2022, Sputnik Srbija

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا