وەزارەتی پەروەردە تاوتوێی دەستپێكردنەوەی خوێندن دەكات

ئەم بابەتە 131 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی پەروەردە تاوتوێی دەستپێكردنەوەی خوێندن دەكات، بەرپرسانی وەزارەتەكەش زانیاری نوێ لەبارەی دەسپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لەنێو بینای قوتابخانەكان دەخەنەڕوو.

سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، رۆژی 11ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆدەبنەوەو تاوتوێی چۆنیەتی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ دەسپێكردنەوەی خوێندن پلانی خۆیان هەیە، بەڵام ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا دەكەن، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا كۆببنەوە.

وتیشی، “پلانەكەیان ئەوەیە گەر خوێندن دەست پێبكرێتەوە، ئەوا بۆ رۆژە فەوتاوەكانی خوێندن سوود لە پشووەكان دەگرن، بەجۆرێك تەنها رۆژانی هەینی و جەژنی نەورۆز و رەزامەزان پشوو دەبێت، بەڵام تەواوی رۆژەكانی دیكە خوێندنی تێدا دەبێت”.

پێشتر بەهۆی بەردەوامی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا پرۆسەی خوێندن لەناو بینای قوتابخانەكان تاوەكو رۆژی حەوتی ئەم مانگە رابگرێت، بەڵام دواتر وادەكەی بۆ 16ی مانگ درێژكردەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک