لافاو..ئەو کارەساتەی بە توڕەبوونی سروشت دادەنرێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کارەساتە سرووشتییەکان لە جیهاندا بەرەو هەڵکشان دەڕۆن. لەگەڵ خۆیاندا زیانێکی گیانی و ماددی زۆر دەهێنن و مرۆڤیش سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی لە بوارەکانی کەشناسی و تەکنەلۆجی و زەویناسیدا بەدەستی هێناون، هێشتا دەستەوستانە لەئاستیاندا و لافاویش، یەكێكە لەو هەڕەشە و مەترسیە بەردەوامە سروشتیانەی كە بەدرێژایی ساڵ و وەرزەكان لە ناوچە جیاوازەكانی زەویدا دووبارە دەبێتەوە.

لافاو زۆر جاران بە توڕەبوونی سروشت ناودەبرێت. کارەساتێکی سروشیییە، کە بریتییە  لە بەرزبوونەوە و کۆبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆر ئاو  لە ناوچەیەکدا و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و گیانیشی لێدەکەوێتەوە و بە پێی ناوچەی جوگرافی ئەگەری ڕوودانی زیاد و کەم دەکات.

چەندین هۆكار بۆ ڕوودانی لافاو هەیە لەوانە، بەزۆری بەهۆی باران بارینی زۆر و بە خوڕەوە دەبێت، كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ڕێڕەوە ئاویەكاندا وەك جۆگەلە و ڕووبار و دەریاچەكان، لەوانەیە بەهۆی دیاردەكانی هەڵكشان و داكشانی ئاوی دەریا و زەریاكانیشەوە ڕووبدات، بەرزبونەوەی پلەی گەرمای بەرگە هەوای زەوی لە ئەنجامی گۆڕانی كەشوهەواوە دەبێتە هۆی باران بارینی زۆر و بەخوڕ، بەهۆی توانەوەیەکی لە پڕی بەفرەکان و شکانی بەنداوەکان و ڕژانی ئاو لێیانەوە ڕوودەدات.

Delhi: Yamuna touches 206.24 meter breaching danger mark, train traffic suspended over old Yamuna bridge, delhi-rains-yamuna-cross-danger-mark-train-traffic-suspended

لافاو زیاتر لە کوێ ڕوودەدات؟

هاوکات ئەو ناوچانەی نزیک لە دەریا و زەریاکانن زیاتر ئەگەری ڕوودانی لافاویان تێدا هەیە بەهۆی ئەو شەپۆلە زریاناوییانەی ڕوودەدەن لە دەریا و زەریاکاندا، بەڵام لە هەموو شوێنێک ئەگەری ڕوودانی لافاو هەیە، تەنانەت ئەگەر لە ناوچەیەکدا نیشتەجێ بوویت کە مەترسی ڕوودانی لافاوی زۆر کەم بوو دەبێت بزانیت کە هەر شوێنێک بارانی تێدا ببارێت ئەوا ئەگەری هەیە لافاو تێیدا ڕووبدات، تەنها بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیەی تێیدا دەژیت، پێشتر لافاو تێیدا ڕووی نەداوە مانای ئەوە نییە هەرگیز ڕوونادات، چونکە لافاو پەیوەندی بەو هۆکارانەوە هەیە کە وادەکەن ڕووبدات نەک پەیوەندی هەبێت بە مێژووی ڕوودانیەوە لە ناوچەکەدا.

لەکاتی ڕوودانی لافاودا، پێویستە بەرەو شوێنێکی بەرزتر بچیت بێ گوێدان بە کەلوپەلەکانت، ئاگاداری ئەو ناوچانە بە کە نزیک کەناڵی ئاو و جۆگە و ئاوەڕۆکانن چونکە لەکاتی ڕوودانی لافاودا ئاوێکی زیاتریان تێدا کۆدەبێتەوە و پێویستە لێیان دووربکەویتەوە، ئەگەر پێویست بوو ماڵەکەت جێبهێڵیت ئەوا ئەو کەلوپەلانەی پێویستتن، بیانبە نهۆمێک بەرزتر وەک سەربان یاخود نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەت، تا لە زیان بەدووربن، کارەبای ناو ماڵەکەت بکوژێنەوە بۆ دووربوون لە کارەساتێکی دیکەی وەک شۆرتی کارەبا، بە هیچ جۆرێک بەرەو لافاوەکە مەڕۆ یاخود سەیارە لێ مەخورە، چونکە ئەگەری زۆری هەیە لافاوەکە بتبات، ئەگەر لە ناو سەیارەکەتدا بوویت و لافاو ڕوویدا ئەوا لە ناویدا بمێنەوە و ئەگەر هەستت کرد لافاوەکە زیاد دەکات بەرەو سەر سەقفی سەیارەکەت بچۆ، ئەگەر لە ناو شوقە یاخود بینایەکی بەرزدا دەژیت بەرەو سەربانی ئەو شوێنە بچۆ تاوەکوو دووربیت لە زیانی لافاوەکە.

لافاو بەشێوەیەکی گشتی زیانبەخشە و  كاریگەری  و زیانەكانیشی بریتییە لە، تێكدان و ڕووخاندنی ماڵ و باڵەخانەكان، بەهۆی بەرزی فشارەكەیەوە بەشێوەیەك 1م3 ئاو كێشەكەی دەگاتە 1 تەن كە ئەمەش فشارێكی گەورە دروستدەكات و هەر كەس و بونەوەر و دروستكراوێك لەبەردەمیدا بێت ڕایدەماڵێت، زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێل و دار و درەخت و باخچەكان، زیانگەیاندن بە ڕێگاوبان و پرد و هێڵی شەمەندەفەر و وێستگەكانی پۆستە و گەیاندن و دامەزراوە و  كارگە پیشەسازیەكان، زیانگەیاندن بە وێستگە و هێڵەكانی كارەبا و تێكدان و هەڵتەكاندنی ئاوەڕۆ و تۆڕەكانی ئاو، تێكدان و زیانگەیاندنیش بە لەوەڕگا و زەویە كشتوكاڵیەكان و ڕەز و باخ و بێستانەكان، ڕاماڵینی چینی سەرەوەی خاك و زەوی و بەفری سەر چیاكان، داپۆشینی كەنار ئاوەكان بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبار و دەریاكان.

لافاو، کە یەکێکە لە کارەساتە سروشتییەکان لەدوای روودانی کاریگەری و ئاسەوای جێدەهێڵێت لەوانە وەک، ئاسەوارە سەرەتاییەكان، کە لەناوبردنی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەك و زیندەوەران و ئاوارەبوون و ڕووخاندنی ماڵ و بینا و ڕێگا و پردەكان و ڕاماڵینی زەوی و ئۆتۆمبێل و تێكدانی ئاوەڕۆ و تۆڕەكانی دابەشبوونی ئاو و كارەبا دەگرێتەوە. ئاسەوارە لاوەكیەكان وەک،  پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و بڵاوبونەوەی نەخۆشیە گوێزراوەكان. هەروەها ئاسەوارە درێژخایەنەكان، لەبواری ئابوری و گەشتیاری و ژێرخان و نۆژەنكردنەوەی بینا و ڕێگاوبانەكان و تۆڕەكانی ئاو و كارەبا و پەیوەندیەكان و كەمبونەوەی خۆراك و بەرزبونەوەی نرخەكان.

لەکاتی ڕوودانی لافاودا دەتوانرێت، بەهۆی دروستكردنی بەنداوەكان، دانانی ڕێگریەكان، دروستكردنی كۆگاكانی ئاو، دانانی كیسی خۆڵ و لم و بۆری هەڵگیراو و فووتێكراو و دروستكردنی دیواری ڕاگر لە كەنار دەریاكان، ڕێگرەكانی و ڕواندن و چاندنی دارو درەختی زۆر لە چواردەوری شارەكان و نەبڕینەوەیان کۆنتڕۆڵ بکرێت.

لەگەڵ ئەوەی لافاو بەیەکێک لە کارەساتە سروشتییە گەورەکان دادەنرێت و لەکاتی روودانیدا زیانێکی زۆری لێدەکەوێتەوە و ئەگەر نەتوانرێت بوەستێنرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت لەوانەیە شارێک وێران بکات، بەڵام هەندێک سوودیشی هەیە لەوانە، زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی، بەپێزکردنی خاک بە دابینکردنی جۆرەها خۆراک بۆی، پێدانی ئاو بەو ناوچانەی کە وشکن و بیابان و ڕووتەنین بەهۆی کەمبارانیەوە و هەروەها پارێزگاری لە هەمەجۆری بایۆلۆجی دەکات.

See images of the floods plaguing New York and New England

لە مێژوودا ژمارەیەکی زۆر لافاو لە جیهاندا ڕوویانداوە بە بەردەوامی بەڵام هەندێكیان لە ڕادەی توندی و بەهێزی و گەورەیی زیانەكانیاندا بەناوبانگ بوون وەك، لافاوی هۆڵەندا  لەساڵی 1530، لافاوەكانی وڵاتی چین لە ساڵانی 1887 و1931 و1935 و 1938 و 1975دا، تسونامی زەریای هندی ساڵی 2004، لافاوی ڤێتنام ساڵی 1971، لافاوەکانی بەلجیكا و ئەڵمانیا و سویرسرا لەساڵی 2021دا.

هەروەها، گەورەترین لافاو و بەزیانترین لافاو لەسەدەی 21دا لە كیشوەری ئەوروپا و بە دیاریكراویش لە ئەڵمانیادا لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی 2021دا ڕوویدا كە لەماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا گەورەترین لافاو بووە و ناویان لێنا لافاوی سەدە یان لافاوی مردن كە تیایدا، 170كەس مردن.بەسەدان كەس بێسەروشوێن بوون.هەزاران كەس ماڵیان لە دەستدا.دەیان دامەزراوەی ئابوری لەناوچوون.سەدان ڕێگاو بان ڕووخاون. 600كم لەتۆڕی هێڵی شەمەندەفەر تێكچوون. 20وێسگەی شەمەندەفەر نەمان. 140وێسگەی بەرید و تۆڕی كارەبا و پەیوەندیەكان نەمان. بڕی قەرەبووی زیانەكان 400 ملیۆن یۆرۆ بووە بۆ هاوڵاتیان و زیانە گشتیەكانیش بە دەیان ملیار یۆرۆ هەژمار دەكرێت.

ساڵانە، بەهۆی لافاوەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی 100 کەس گیان لەدەست دەدەن و نزیکەی 7.5 ملیار دۆلار زیانیان پێدەگات. دۆڵی ڕووباری زەردی چین خراپترین لافاوی لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیووە. لافاوی ڕووباری زەرد لە ساڵی ، 1931 بە یەکێکە لە وێرانکەرترین کارەساتە سروشتییەکان دادەنرێت کە تا ئێستا تۆمارکرابێت، نزیکەی یەک ملیۆن کەس خنکان و زۆر کەسی دیکەش بێ ماڵ بوون.

لە مانگی ئابی لەساڵی2010دا پاکستان خراپترین لافاوی سەدەی بەخۆیەوە بینی ملیۆنان پاکستانی ماڵەکانیان لەدەستدا و نزیکەی دوو هەزار کەسیش بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستدا. هەندێک جار لافاو بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانی دیکەوە ڕوودەدات،  وەک بوومەلەرزە و تسۆنامی. لە کانوونی دووەمی 2011، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە کەناری پارێزگای میاگی ژاپۆن ڕوویدا. بوومەلەرزەکە بووە هۆی دروستبوونی تسۆنامییەکی بەهێز، کە لووتکەکەی گەیشتە بەرزی 40 مەتر. تسۆنامییەکە زیاتر لە 10 کیلۆمەتر (شەش میل) لە ناوەوەی وڵاتەکەدا ڕوویدا بووە هۆی لافاوێکی دیکە کە ماڵەکانی وێران کرد.

لەڕۆژی 10ی ئەیلولی 2023، زریانی دانیال لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا ڕوویدا و بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە شارەكانی بەنغازی، بەیدا، مەرج، سوسی و درنە. هەزاران کەس لەو کارەساتەدا گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش بێسەروشوێن بوون، بەهۆی لافاوەكەوە زیانێكی زۆر بەر شاری درنە كەوت و هەزاران ماڵ روخاون و هەزاران ئۆتۆمبێل كەوتونەتە ژێر داروپەرد و ناوەندەكانی تەندروستی و خوێندن و شارەوانی بەتەواوەتی وێران بوون و بودجەیەك بە بەهای دوو ملیار دۆلار پەسەندكراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی لافاوەكە.

من «ماكسيمو» إلى «دانيال»... تاريخ ليبيا حافل بالكوارث الطبيعية

هەرێمی کوردستانیش بەدوورنییە لە لافاو و ساڵانە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بارانی پایزدا لەبارەی ڕوودانی لافاوەوە هۆشداری دەدرێت، ئەمساڵیش بەرگری شارستانی شارەکانیش ڕایانگەیاند هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ پێشگرتن لە دروستبوون و زیانەکانی لافاو دەستیپێکردووە، ڕۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2023، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، “بەپێی پێشبینییەکان لە کۆتایی ئەم مانگەوە تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو ئەگەری لافاو لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەهێزە و ئێستا ناتوانرێت بە وردی ئەو شارانە دیاری بکرێت کە زۆرترین بارانی لێ دەبارێت”.

ساڵانە لەگەڵ باران بارینی بەخۆڕ لافاو لە چەندین گەڕەک و شارێکی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، کە بەو هۆیەوە زیانێکی یەکجار زۆری ماددی دەگەیەنێت و تەنانەت چەندین کەسیش بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە، شاری هەولێریش لە پلەی یەکەمدا دێت، کە لەکاتی ڕوودانی لافاودا زۆرترین زیانی بەردەکەوێت و کاریگەرییەکانی لافاوی زیاتر لەسەرە، بەجۆرێک لە ساڵی 2018دا لافاو لە هەولێر دروستبوو بەهۆیەوە منداڵێک خنکا، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021دا و سەرەتای ساڵی 2022 لافاوی بەهێز هەولێری گرتەوە و بەهۆیەوە 11 کەس خنکان و هەروەها زیان بە سەدان ماڵ و هەزاران ئۆتۆمبێل کەوت.

ڕۆژی دووشەممەش 20ی تشرینی دووەمی 2023، لەگەڵ گەیشتی شەپۆلی چڕی باران بارینی بەلێزە کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە دەرکەوت و لە چەندین شەقامی شاری هەولێر ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران دروستبوو، هەروەها ئاو چووە ناو هەندێک ماڵەوە.

بەمشێوەیە مرۆڤ و مرۆڤایەتی و شارستانێتیە پێشكەوتووەكەی هەمیشە لەبەردەم هەڕەشە و تووڕەبوونی سروشتدایە و ئەوەی مرۆڤەكان بە دەیان و سەدان ساڵ پێكەوەی دەنێن ئەوا سروشت لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا ژێرەوژووری دەكات و تەختی دەكاتەوە لەگەڵ زەویدا، هەربۆیە پێویستە لەكاتی بیناكردن و ئاوەدانی و جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا لە دیزاین و پلانەكاندا بەشێوەیەكی ئەندازیاری وورد كۆد و پێوانە ستانداردەكان لە نەخشەكاندا بچەسپێنرێن و حسابی وورد بۆ هەموو مەترسی و ڕووداوە سروشتیە لەناكاوەكان بكرێت بۆئەوەی سەلامەتی  مرۆڤەكان و ئاوەدانی و دەسكەوت و پیشكەوتنەكانی مرۆڤایەتی و تەواوی گۆی زەوی بپارێزرێت و بەكەمترین زیانی گیانی و ماڵی لێی دەربچێت.

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا