نوێترین پێشهاتەکانی غەززە؛ تانکەکانی ئیسرائیل گەیشتونەتە نزیک نەخۆشخانەی شیفا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی تشرینی یەکەم، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بەردەوامی دا بە هێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززە و تانکەکانیش لەرێگەی زەمینییەوە لە پێشڕەویدان و گەیشتوونەتە بەردەم دەروازەی نەخۆشخانەی شیفا- گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززە لە باکوور.

تەندرووستی کەرتی غەززە هۆشداری لە روودانی ‘کارەسات’ دەدات و دەڵێت، “ژمارەیەکی زۆر کۆرپەلە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و کارەباوە گیانیان لەدەستداوە و چەندانی دیکەش بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای ئیسرائیل گیان لەدەستدەدەن”.

بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی غەززە ئەوەشیان رایانگەیاندووە، هێزەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک ماڵیان لە شاری خان یونس لە باشووری غەززە کردووەتە ئامانج و لانیکەم 13 کەس کوژراون.
هەروەها سوپای ئیسرائیل تانکی لە دەرەوەی نەخۆشخانەی شیفا، کە ناوەندی پزیشکی سەرەکی شاری غەززەیە، داناوە.
ئیسرائیل دەڵێت: “تونێلێکی گەورەی چەکدارانی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکەدایە و بارەگایەکی گەورەیان تێدا درووستکردووە و وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریدێنن”.

حەماس لێدوانەکانی ئیسرائیل بە ناڕاست لەقەڵەم دەدات و رەتیدەکاتەوە هێزەکانیان هیچ بنکەو بارەگایەکیان لەژێر نەخۆشخانەکەدا درووستکردبێت.

دۆخی تەندرووستی نەخۆشانی نەخۆشخانەکە تا دێت خراپتر دەبێت، ژمارەیەکی زۆری منداڵی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەکەدا ماون و ئیسرائیل پێشنیازیکردووە ئەو منداڵانە بەسەلامەتی لە نەخۆشخانەکە بهێندرێنە دەرەوە و بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە.

ئەشرەف قیدرا، وتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی غەززە کە لەناو نەخۆشانەکەدایە، بە تۆڕی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە سێ رۆژی رابردوودا 32 نەخۆش گیانیان لەدەستداوە و لەنێویاندا سێ منداڵی تازە لەدایکبوو هەبوون. ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا زیاتر لە 650 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی راپۆرتی مردنی نەخۆشانی نەخۆشخانەکە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هاتە دەنگ و داوای پاراستنی نەخۆشخانەکەی کرد.

بایدن دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، “هیوا و چاوەڕوانی من ئەوەیە هێرش بۆسەر نەخۆشخانەکان کەمتر رووبدات و ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامدا دەمێنینەوە لەگەڵ ئیسرائیل”.

بایدن لەبارەی هەوڵەکانی پەیوەست دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رایگەیاند، “هەوڵێک بەنێوەندگیری قەتەڕییەکان لەئارادایە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان، بۆیە من هیوام بەرزە بەڵام دەبێت نەخۆشخانەکان بپارێزرێن”.

ئیسرائیل بەردەوام بزووتنەوەی حەماس بە خۆحەشاردان و بەکارهێنانی نەخۆشخانە و دامودەزگا مرۆییەکان بۆ هێرشەکانی بەکاردەهێنێت، دوێنێ دووشەممە، سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆ و وێنەی ئەو چەکانەی بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی ئەو چەکانەن کە گروپەکە لە ژێرزەمینی یەکێک لە نەخۆشخانەکان بەناوی ”رانتیسی”دا هەڵیانگرتووە، کە نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە چارەسەری شێرپەنجە.

حەماسیش لە بەیاننامەیەکدا لە کەناڵی تێلێگرامی خۆی، تۆمەتەکانی ئیسرائیلی رەتکردەوە و رایگەیاند، “گرتە ڤیدیۆیییەکە دیمەنی دروستکراوی تێدایە کە رای گشتی بەلاڕێدا دەبات”، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەمە هەوڵێکی شکستخواردووی ئیسرائیلە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بەئامانجکردنی نەخۆشخانەکان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا