پۆڵه‌تیك پرێس
له ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌رئه‌نجامی زنجیره‌یه‌ك پێشبینی هه‌ڵه و بڕیاری نه‌خه‌مڵیووی سیاسی و ستراتیجی بوو، كه له ریفراندۆمدا فۆرمه‌له كرا‌و، ئه‌نجامه‌كه‌ی به كاره‌سات بۆ دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان، و پاشه‌كشێ له ده‌سكه‌وته گرنگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات و دوو به‌ره‌كی، ئاژاوه و دۆڕاندنێكی گشتیی ناوخۆیی به‌دوای خۆیدا هێنا.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به به‌رچاوه‌ڕونییه‌وه لێكه‌وته و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمێكی نه‌خه‌مڵیووی له‌مجۆره‌ی له كوردستانی عێراق، له كات و ساتێكی ناوه‌ختدا، ده‌بینی و رای گشتی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كانیشی له ئه‌نجامدانی هه‌ڵه‌یه‌كی له‌وجۆره هۆشیار كرده‌وه. به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن بێ گوێدانه ئاكامه‌كانی هه‌نگاوی له‌م چه‌شنه، گوێیان له ئامۆژگاریی دڵسۆزان، وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی و په‌یامی ئاشكرای نێرده دیپلۆماسییه‌كان نه‌گرت، به ته‌نها ملیان نا، نیوه‌ی خاكی كوردستان و ته‌واوی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردیان برده سه‌ر هه‌ڵدێرانێكی سه‌خت، و ئه‌گه‌ر وریایی فه‌رمانده مه‌یدانییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نه‌بووایه، كه‌ركوك به‌ره‌و وێرانی، و خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌ره‌و سه‌رگردانییه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌بران.
له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا ئاماژه به‌وه‌كراوه، فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ٧٠ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به بڕیاری له‌ناكاو و دروستی روبه‌ڕونه‌بوونه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق، توانی ئه‌و بۆشاییه كوشنده‌یه پڕ بكاته‌وه كه له‌ریزی پێشمه‌رگه‌ی هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی یه‌كێتی دا له كه‌ركوك و ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر روویاندابوو. هێزه‌كانی تر، كه یه‌كێتی نه‌بوون، به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی یه‌كێتی له پاشه‌كشێ و چۆڵكردنی هێڵی به‌رگری، سه‌نگه‌ره‌كانیان چۆڵ كرد، هێزه‌كانی ٧٠ و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیان به ته‌نها له‌به‌رده‌م له‌شكری نابه‌رابه‌ری هێزی هێرشبه‌ردا به‌جێهێشت. یه‌كێتی به بڕیارێكی له‌خۆبوردوانه، ره‌فتاری له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵوێسته ناجوامێرانه‌یه كرد، قوربانیی به ده‌سكه‌وته‌كانی خۆی دا، تا ده‌سكه‌وته گشتییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ئاوه‌دانیی شاری كه‌ركوك و ژیانی كه‌ركوكییه‌كان بپارێزێت و رێگه نه‌دات، ماڵ و حاڵی كوردانی خێرله‌خۆنه‌دیوو، ببێته گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی نه‌خوازراو. شه‌ڕێك كه تا ئه‌مڕۆش، نه فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌و كاتی هه‌رێم، نه په‌رله‌مانی كوردستان، و نه‌هیچ داموده‌زگایه‌كی تری هه‌رێمی كوردستان، به‌رامبه‌ر سوپای عێراق بڕیاری به‌رپاكردنی نه‌دا.
راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه داوه، بۆیه ئه‌مڕۆ گوتاری چه‌واشه‌كارانی مێژوو هه‌ر چۆن بن، هه‌میشه‌یی نین، و كاریگه‌ری له وره‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی قوربانیانی یه‌كێتی له ١٦ی ئۆكتۆبه‌رناكه‌ن، رۆژێك مێژوو ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته جیاوازه‌ی سه‌ركردایه‌تی ریفراندۆم و به‌رگریی پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی له خاكی كوردستان، هه‌ڵاوێرد ده‌كا و به دادپه‌روه‌رییه‌وه ده‌نووسێته‌وه ئه‌و كات رۆحی شه‌هیده‌كانمان ئاسوده ده‌بن و دادگای ویژدانی گه‌ل، بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌دات.