رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی تێچووی جەنگی دژی حەماس لەسەر وڵاتەکەی ئاشکرادەکات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژنامەی ئابووری ‘کاڵکالیست’ی ئیسرائیلی شیکارییەکی بۆ ژمارە سەرەتاییەکانی داتاکانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل کردووە و رایگەیاندووە، تێچووی شەڕی دژی حەماس نزیکەی 200 ملیار شێکڵ (51 ملیار دۆلار) لەسەر ئیسرائیل دەکەوێت.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە ئەو تێچووە لەسەر بنەمای ئەگەری درێژبوونەوەی جەنگەکەی بۆ ماوەی 8 تا 12 مانگە و لە لێکدانەوەکاندا، ئەگەری تێوەگلانی حزبوڵڵای لووبنانی، ئێران و یەمەن و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی هەژمار نەکراوە.

رۆژنامەکە دەشڵێت، ئەو تێچووە کە نزیکەی 51 ملیار دۆلاری ئەمریکی دەبێت، یەکسانە بە کۆی گشتیی %10 بەرهەمی ناوخۆیی وڵات. ئەمەش واتە زیادبوونی کورتهێنانی بودجە لانیکەم بە رێژەی 10%ـی بەرهەمی نێوخۆیی لە ساڵی داهاتوودا.

هەروەها روونیشیدەکاتەوە، نیوەی ئەو پارەیە بۆ خەرجیی بەرگری دەبێت کە رۆژانە زیاتر دەبێت لە 1 ملیار شێكڵ (دراوی ئیسرائیلی). نزیکەی 40 بۆ 60 ملیار شێکڵ بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەچێت و 17 بۆ 20 ملیار شێكڵ بۆ قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان و 20 ملیاری دیکەش بۆ نوێکردنەوە و خۆرێکخستنەوە دەبێت.

بێزالیل سمۆرتیک، وەزیری دارایی ئیسرائیل دەڵێت، وڵاتەکەیان پاکێجێکی هاوکاری بۆ خێزانی ئەو کەسانە ئامادەکردووە کە لەرووداوی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئەو وڵاتە زیانیان پێگەیشتووە. و سەرۆککوەزیرانی ئەو وڵاتەش دەڵێت، “قەرەبووەکانمان بۆ خێزانە ئیسرائیلییەکان، زۆر زیاتر و گەورەتر دەبن لە قەرەبووەکانی سەردەمی پەتای کۆرۆنا”.

رۆژی شەممەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، کەتیبەکانی قەسام، کە باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماسن، ئۆپراسیۆنی ‘تۆفانی ئەقسا’ـیان لە دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشێكی بەرفراوانیان کردە سەر ئەو وڵاتە. بە ووتەی حەماس، بەرەبەیانی ئەو رۆژە نزیکەی پێنج هەزار مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی ‘شمشێری ئاسنین’ی لەدژی چەکدارانی حەماس راگەیاند و بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر کەرتی غەززەی ژێر دەسەڵاتی ئەو بزووتنەوەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا