وەزیری پەروەردەی هەرێم: دەبێت رۆژی یەکشەممە دەوام دەستپێبکاتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکشەممەی داهاتوو دەبێت پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لە هەولێر سازیکردبوو رایگەیاند، “ئەمڕۆ فەرمانێکی وزاری دەردەکەین و تێیدا ئاماژە بەوەدەکەین کە دەبێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 22ـی تشرینی یەکەم، مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دەست بە دەوامی ئاسایی خۆیان بکەنەوە”.

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، “دەبێت هەمووان بزانن کە ئەم بڕیارە لە دژی هیچ لایەنێک نیە و مانای ئەوە نیە ئێمە خەمخۆری چارەنووسی مامۆستایان و خوێندکاران نین، بەڵام دوو مووچە و سێ مووچە لە بەغداوە نەهاتووە تا حکومەتی هەرێم دابەشینەکردبێت”.

وەزیری پەروەردە وتیشی، “ئێمە لە خەمی مامۆستایانین و لە دۆخی سەختیان تێدەگەین، بەڵام چارەنوسی خوێندنی ئەو سنوورە لە مەترسیدایە و پێویستە دەست بە پرۆسەی خوێندن بکرێتەوە”.

بەپێی داتاکانی وەزیری پەروەردە، زیاتر لە 650 هەزار خوێندکار لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین لە خوێندن بێبەشن.

بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەکانیان، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەو پارێزگایە هەڵوێستیان وەرگرتووە و بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە، بەشێک لە مامۆستایان دەڵێن، حکومەت مووچەی مامۆستایان یەکلایی بکاتەوە و نەکرێتە بەشێک لە کێشەو ململانێ سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی و لەکاتی خۆیدا مووچەکان دابەشبکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا