دوایین ئاماری زیانەكانی هێرشەكانی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان بڵاودەكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەكاتێكدا جیهان سەرقاڵی هێرشەكانی ئیسرائیلە بۆسەر غەززەو شەڕی ئیسرائیل و حەماس تادێت توندتردەبێت، توركیا ئەم سەرقاڵیەی جیهانی قۆستووەتەوە و لە رۆژئاوای كوردستان رۆژانە هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر.

بەڕێوبەریی خۆسەریی رۆژئاوای كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا، ئاماری كۆتایی زیانەكانی بۆردومانەكانی توركیای بۆ سەر ناوچەكانی لە ماوەی 5 تا 9ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا، بە جۆرەها چەكی لەناوبەر و بەئامانجگرتنی دامودەزگا خزمەتگوزاری و گرنگەكان و ژێرخانی ئابووری رۆژئاوا، بڵاوكردەوە.

لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی كەرتی نەوت، لەنێویاندا خزمەتگوزارییەكانی غاز و سووتەمەنی، زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس زیانیان بەركەوتووە، بەو پێیەی 17 پێگە و دامەزراوە كراونەتە ئامانج، لەنێویاندا وێستگەی گرنگی سوەیدییە، كە كارەبا و غازی سەرجەم ناوچەكانی رۆژئاوا دابین دەكات و شوێنەكانی دیكەش لە گوندەواری ترپەسپی و چل ئاغا و دێریك.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، 11 وێستگەی كارەبا لە ناوچەكانی حەسەكە، عامودا، رومێلان، ترپەسپی، قامشلۆ، دەرباسییە و سەرجەم گوندەوارەكانیان كراونەتە ئامانج.

هەروەها، دوو وێستگەی ئاو زیانیان بەركەوتووە، لە ئەنجامدا 18 وێستگە لە هەرێمی جەزیرە وەستاون، ئەمە جگە لەوەی دوو نەخۆشخانە لە هەرێمی جەزیرە و كۆبانێ بە تەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوون.

هەروەها پرۆسەی خوێندن وەستاوە و هەزاران خوێندكار كاریگەرییان لەسەر بووە، لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی 48 ناوچەی پەروەردەیی، نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن. لە ئەنجامدا دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و كچێكی دیكەش بریندار بوو و قاچەكانی لەدەستداوە.

580 هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر ناوچەكانی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە لایەن توركیاوە ئەنجامدراون

سێ شوێنی دامەزراوە پیشەسازییەكان لە چەند ناوچەیەكی جەزیرە و كۆبانێ لە خزمەتگوزاری دەرچوون، ئەمە جگە لە وێرانكردنی ئەكادیمیایەك بۆ مەشقپێكردنی هێزە تایبەتەكانی ئاسایشی ناوخۆ، “ئەسایشی رۆژئاوا”، كە لە ئەنجامدا 29 شەڕڤان شەهید بوون، ئەمە جگە لە بریندار بوونی دەیەهای دیكە.

ژمارەی ئەو شوێنانەی كە بە ئامانج گیرابوون بە دامەزراوەكان و وێستگەكانی كارەبا و نەوت و پەروەردەوە گەیشتە 104 شوێن، لە وێرانبوون و زیانلێكەوتنەوە تا لە خزمەت دەرچوون، هەروەك 580 هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە دێریكەوە تا دەگاتە باكووری حەڵەب ئەنجامدراون و ئەو بۆردوومانانە هەموو ناوچەكانی بەڕێوبەریی خۆسەریی گرتووەتەوە.

لە ڕێگەی راگەیەندراوەكەوە، خۆسەریی بانگەوازی لە هەموو هێزە چالاكەكانی سووریا، دامەزراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، دامەزراوەكانی مافی مرۆڤ، ئەنجومەنی ئاسایش، و چالاكوانانی كۆمەڵایەتی و مەدەنی كرد، كە “بە هەڵوێستی روون سەبارەت بە كردەوەكانی توركیا دژی بە ناوچەكانمان و گەلەكەمان، كاردانەوەیان هەبێت دژ بە رێگری لە هەوڵەكانی گەلەكەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەركردنی سەقامگیری و وەستان لەڕووی هەڕەشە بەردەوامەكان بۆ سەر دەستكەوتە هاوبەشەكانمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و هێزەكان.”

 

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: توركیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و ئەو تاوانانە نابێت بێدەنگیان لێبكرێت

داواش دەكات “هەموو ئەوانەی بەرپرسیارن لە وێرانكردن و بەئامانجكردنی گوزەرانی گەلەكەمان و بوونەتە هۆی لەدەستدانی ژیانی منداڵەكانمان، بخرێنە بەردەم دادگایەكی كارامەوە، ئەمڕۆ توركیا تاوانی جەنگ لە ناوچەكانمان ئەنجام دەدات و ئەو تاوانانە نابێت بێدەنگیان لێبكرێت” وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

هەروەها داوای لە هەموو ئەو رێكخراو و چالاك و لایەنانە كرد كە بەشداربوون لە گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەكەدا “هەوڵەكانیان دوو هێندە بكەن بەرەو نۆژەنكردنەوەی شوێن و پێكهاتە وێرانبووەكان، بە هاوكاری لەگەڵ هەوڵەكانی بەڕێوبەریی خۆسەریی، بۆ دڵنیابوون لە پێشكەوتنی كارەكان بەرەو گەیشتن و پاراستنی سەقامگیری بە گەڕاندنەوەی ئەوەی لەناوچووە و پشتگیری بژێوی ژیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بكرێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا