پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان رایگەیاند، “پارت و جەماوەرەکەم هەر ئەرکێکم پێبسپێرن ئەنجامیدەدەم و دەبمە کاندیدی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی تورکیا”.
لە نوێترین لێدوانیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاشکرای کرد، رووبەڕووی توندوتیژی و ئەشکەنجەدان دەبنەوە لە بەندیخانەی ئەدیرنە و وتی: “هەڕەشەی مەترسیدارمان لەسەرە و سەرباری ئەوەی ئێمە ئەم بابەتانە لە خشتەی کارماندا دانانێین، بەڵام بەندیخانەکان بەڕاستی بوونەتە بنکەی ئەشکەنجەدان”.
لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی تورکیا وتی: ئامادەم بە خۆشەویستی و شەرەفەوە بە هەر ئەرکێک هەستم کە پارت و جەماوەرەکەم پێم دەسپێرن، لەنێویشیاندا خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکان.
سەرەتای ئەم مانگەش پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەبەردەم لایەنگرانی پارتەكەی لە شاری ئیستانبوڵ رایگەیاند، كاتی رۆشتنی دەسەڵاتی ئێستای توركیا هاتووە و سەڵاحەدین دەمیرتاشیش كاندیدی پارتەكەیانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا لە ساڵی (2023) بەیەكەوە ئەنجام بدرێن.