یەكێتی لەگەڵ چ هەڵبژاردنێكدایە؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا و پێشنیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەبارەی كورسی پێكهاتەكان بەچارەسەری دۆخەكە لەسەر پرسی پێكهاتەكان لەپەرلەمان دەزانێت، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێت: یەكێتی و لایەنەكانی دیكە جگە لەپارتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردن لە هەرێمی كوردستان.

بۆ كردنەوەی گرێ كوێرەی پرسی هەڵبژاردن و چارەسەری كێشەكان، بافڵ جەلال تاڵەبانی هەموو ئامادەییەكی یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە دەربڕی و داوای لە پارتی كردووە وەك هەنگاوی یەكەم لەپرسی هەڵبژاردنەوەی دەستبەگفتوگۆ بكرێت، لەو چوارچێوەیەشدا چەند جارێك دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی كۆبوونەوە.

سالار سەرحەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتی رایگەیاند: لەڕابردو و ئێستاشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەموو هەوڵێكی بۆ جێبەجێكردنی دیموكراسی بووە و قوربانی بۆ داوە، بەتایبەت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن كە بەشێكە لێی و ئەو داواكارییانەشی بۆ پرسی هەڵبژاردن هەیەتی داواكاری خەڵكە و لایەنەكانی دیكەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

سالار سەرحەد وتی: درێژەدان بە كۆبوونەوەكانی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لەسەر داواكای یەكێتییە، بەڵام پارتی وەك پێویست هەنگاو بۆ ئەو پڕۆسە گرنگە نانێت و هەوڵی خۆدزینەوە دەدات.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەرگیز لەگەڵ كەمكردنەوەی كورسی پێكهاتەكاندا نەبووە، بەڵام داوای كردووە پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەیان لەپەرلەمان هەبێت

سالار سەرحەد دەڵێت: یەكێتی و سەرجەم لایەنەكانی دیكە جگە لەپارتی خواستیانە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت و رووی راستەقینەی پڕۆسەی دیموكراسی دەربخریت، نەك وەك ئەوەی لەرابردوو لەبارەی هەڵبژاردنەوە بینیومانە.

راشیگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەرگیز لەگەڵ كەمكردنەوەی كورسی پێكهاتەكاندا نەبووە، بەڵام داوای كردووە پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەیان لەپەرلەمان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیارەكەی نەتەوەیەكگرتووەكانمان لا پەسەندە كەباس لە دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان دەكات بەسەر پارێزگاكاندا.

پارتی دژی هەڵبژاردنی فرەبازنەییە بۆیە گرفت و سیناریۆ بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە دروستدەكات و دەیەوێت لەڕێی هەڵبژاردنی یەك بازنەوە درێژە بە تەزویری بەرنامە بۆ داڕێژراوەكانی بدات.

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی رایگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان بە قسە لەگەڵ هەڵبژاردندایە، بەڵام بەكردەوە گرفت و سیناریۆ بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە دروستدەكات، بۆنموونە كاتێك ئامادەكاری و دانوستان بۆ هەڵبژاردن دەكرێت، پارتی لەرێگای لێدوانی زبر و دوور لە زمانی دانوستانەوە دۆخەكە دەشێوێنێت و رای گشتی بەبابەتی بێ ناوەڕۆكەوە سەرقاڵ دەكات.

وتیشی: پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردندایە بە یەك بازنەیی، چونكە دەرفەتی تەزویری بەرنامە بۆ داڕێژراوی زۆرە و مافی دەنگدەری پارێزگاكان پێشێلدەكات، بەشێوەیەك دەنگی هەندێك پارێزگا دەچێت بۆ پارێزگایەكی دیكە، ئاشكرایە بەیەك بازنەیی ناتوانین هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدەین.

بەشێوەیەك لە شێوەكان پارتی پاشگەز بووەتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن

نێروەیی راشیگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان پاشگەز بووەتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هەموو ئەو رێكەوتنانەی كە لەبارەی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ لایەنەكان بەگشتی و یەكێتی بەتایبەت كردبووی، پاشگەزبوونەوەی پێوەدیارە و گەرموگوڕ نییە لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی، تەنانەت پێشنیاری نەتەوە یەكگرتووەكانیشی لەبارەی كورسی پێكهاتەكان رەتكردووەتەوە و پێی باش نییە كورسی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەش بكرێن.

دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی پرسی تۆماری دەنگدەران و چوار بازنەیی هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن یەكلابووبوەوە، بەڵام ئەوەی لەئێستای پارتی دەبیندرێت تەواو پێچەوانەی رێككەوتنی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی و مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتییە، لەمەشەوە بۆمان دەردەكەوێت بەشێوەیەك لە شێوەكان پارتی پاشگەز بووەتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

كورسی پێكهاتەكان خاڵی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتییە، لەكاتێكدا نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر ئەو پرسە نێوەندگیری كردووە و پێشنیارەكانی بەهەردوو لا گەیاندووە و داوایكردووە كورسی پێكهاتەكان بەسەر بازنەی پارێزگاكاندا دابەشبكرێت.

لەكۆی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان 11 كورسی بۆ كۆتا پێكهاتەكان دیاریكراوەو كە 5 كورسی بۆ توركمان و 5ی دیكەش بۆ كریستیانەكان و 1 كورسیش بۆ ئەرمەنەكانە، ماوەیەكی زۆرە پێكهاتەكان ناڕەزایی دەردەبڕن كە ئەوانەی لە پەرلەمان لە پشكی كۆتاكان دانراون، نوێنەری راستەقینەی ئەوان نین و پارتی تۆمەتبار دەكەن كە نوێنەری سیاسی ئەوان لەبەرگی پێكهاتەكاندان و بەدەنگدانی ئاڕاستەكراو دەردەچێنرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا