پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بڕیارە کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لیژنەی پێکهێنراو بۆ لێکۆڵینەوە لە تەرمی ئەو منداڵەی “سەگ خواردی” بگەنە سەر گۆڕەکەی و گۆڕەکەی هەڵبدەنەوە و تەرمەکەی ببەن بۆلات پزیشکی داد بەمەبەستی لێکۆڵینەوە.
لەدوای ئەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی لیای تەمەن نۆ ساڵان لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە گوایە لەلایەن چەند سەگێکەوە پەلاماردراوە و پاشان گیانی لەدەستداوە، گومانێکی زۆر لەلای هاووڵاتیان و چالاکوانان و چاودێران دروستبوو.
هۆکاری دروستبوونی گومانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خێزانی لیا بەبێ ئەوەی تەرمەکەی لیا ببەن بۆلای پزیشکی داد بەمەبەستی توێکاری، ڕاستەوخۆ دوای گیان لەدەستدانی بردبوویانە بۆ مزگەوت و پاشانیش سەربەخۆ ناشتوویانە.
ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆر و گومانێکی بێشووماری بەدوای خۆیدا هێنا و بووەهۆی ئەوەی داوابکرێت گۆڕی لیا هەڵبدرێتەوە و لێکۆڵینەوە لە تەرمەکەی و کەیسی گیان لەدەستدانی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکهێنراوە و بڕیارە کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی گۆڕەکەی لیا هەڵبدەنەوە.