پۆڵەتیك پرێس:
ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، كە لەزرۆینەی فراكسیۆنەكان پێكهاتوون هەوڵی نێوەنگیری لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەدەن.
باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی وت: جیاوازی سیاسی زۆر هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی كوردستان ئەوانیش وەك نوێنەری خەڵك هەوڵەكانی خۆیان چڕدەكەنەوە بۆ دروستكردنی كەش و هەوایەكی لەبار لەپێناو دەستپێكردنی دیالۆگێكی ناوخۆیی نەتەوەیی لە نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان .
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: كوردستان بە قۆناغێكی پڕ لە مەترسی و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پلان بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو دەسكەوتانە دادەنرێت، كە گەلی كوردستان بەدەستی هێناوە، بۆیە گرنگە لایەنە سیاسییەكان لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان پاراستنی دەستكەوتەكان ناكۆكییەكان وەلابنێن و رێكبكەون.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، گرژی و جیاوازی سیاسی نێوان لایەنە سەرەكییەكانی كوردستان لەبەرژەوەندی كەسدا نییەو ناكۆكییەكانیش هیچ سودێك بەحیزبەكانی كوردستان ناگەیەنێت.