سەدر زۆرینەی پەرلەمانی دەوێت

پۆڵەتیك پرێس:
سەرەڕای ئەو كەشە ناڕوونە سیاسییەی سەبارەت بە كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هەیە، كە بڕیارە لە ٦ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت، لەرۆژانی رابردوودا گردبوونەوەی پێشوەختە لە بەغدا بە ئاشكرا دەستیپێكرد، ئەوەش لەدوای سەردانی سیاسەتمەداران و جێگر و سەرۆكی فراكسیۆنەكان بۆلای هەژار و نەدارەكان تێیدا دووبارە كەوتنەوە بانگەشە و پەیمانی گەیاندنی خزمەتگوزاری‌و هەلی كاریان بەهاووڵاتیان دا، لەناو هەموو هێزەكانیشدا، رەوتی سەدر زۆرترین رۆڵی بەرچاوی هەبوو.

لە راپۆرتێكی عەرەبی جەدیددا هاتووە، یەكێك لە سەركردە دیارەكانی رەوتی سەدر بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر ئاشكرایكردووە، لە ئێستادا رەوتەكە لە ئامادەكاری هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە و ئامانجێتی ١٠٠ كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەجۆرێك كە مافی پێكهێنانی حكومەتی پێبدرێت، ئاماژەی بەوەش كرد، حكومەتی داهاتوو لەسەر پشكی رەوتی سەدر دەبێت و سەردەمی حزبی دەعوە و ئەنجومەنی باڵا بەهۆی لەدەستدانی جەماوەر و شكستیان لە ئیدارەی حكومەتی پێشوو كۆتاییهات.

لەئێستادا رەوتەكە لەئامادەكاری هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە و ئامانجێتی ١٠٠ كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت

باسی لەوەش كرد، رەوتی سەدر بەتەنیا بە یەك لیست دەچێتە هەڵبژاردنەكانەوە، ئەوەش لەدوای ئەزموونی شكستخواردووی لەگەڵ حیزبی شیوعی عێراق و مەدەنییەكان، وتیشی: چەند ئاماژەیەك هەیە شیوعییەكان لەگەڵ رەوتە مەدەنییەكان و ئەو هێزانەی لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانەوە دروست بوون لەم هەڵبژاردنەدا ببنە هاوپەیمان و ركابەری ئیسلامییەكانی كەربەلا و نەجەف و ناوچەكانی دیكە بكەن، بۆیە كارێكی دروست نییە هاوپەیمانیكردن لەگەڵیان.

لەبارەی چۆنێتی مامەڵەكردنی حكومەتی داهاتوو لەگەڵ ئەمریكا، ئەو بەرپرسە رایگەیاند، مەرج نیە سەرۆكی حكومەتی داهاتوو لە سەدرییەكان بێت و وتیشی: رەوتی سەدر پلان بۆ ئەوە دادەنێت زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت تا بتوانێت خۆی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاریبكات ئیدی مەرج نییە ئەو كەسە سەدری بێت بەڵكو دەبێت نزیكی بێت و پەیوەندی لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكان هەبێت لەگەڵ ئەوەشدا، سەدر درك بەوە دەكات كارێكی سەختە كەسێك هەڵبژێرێت بۆ ئەو پۆستە بەبێ رەزامەندی ئەمریكا و ئێران.

رەوتی سەدر پلان بۆ ئەوە دادەنێت زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت

لای خۆیەوە، ئیحسان شمری سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسی لە بەغدا رایگەیاند، رەوتی سەدر پشت بەو جەماوەرە فیكرییە دەبەستێت، كە دوای موقتەدا سەدر كەوتوون، لەبەر ئەوەی زۆربەی هێزە سیاسییەكان و بەدیاریكراویش شیعەكان كاریگەری خۆیان لەسەر جەماوەر لەدەستداوە بۆیە وا دەبینرێت كە سەدر لە هەموو هێزە شیعەكانی دیكە دەنگی زیاتر بەدەستبهێنێت.

شمری پێشبینی ئەوە دەكات سەدر هیچ كەسێك لە رەوتی سەدری بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیارینەكات تەنانەت ئەگەر دەنگی زۆرینەش بەدەستبهێنێت نایەوێت رەوتەكە هیچ بەرپرسیارێتییەكی شكستی حكومەت بگرێتە ئەستۆ، بۆیە وەك دروستكەری حكومەتەكان بەردەوام دەبێت.

لەلایەكی دیكەوە، عەقیل ردینی ئەندام پەرلەمانی هاوپەیمانی نەسڕ بە سەركردایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، ئەگەری بەدەستهێنانی ١٠٠ كورسی پەرلەمان بانگەشەیەكی پێشوەختەی هەڵبژاردنە و جەماوەری رەوتی سەدر جێگیرە و لەیەكەم هەڵبژاردنی دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئەمڕۆ ئاشكرایە، هەرگیز سەدرییەكان لە ٤٠ كورسی زیاتریان بەدەستنەهێناوە ئەگەر لە هەڵبژاردنەدا زیادیش بكات ئەوپەڕی بگاتە ٥٠ كورسی چونكە ركابەرییەكە بەهێزە لەژێر رۆشنایی ویستی شەقام بۆ گۆڕانكاری و دەركەوتنی حزبی سیاسی نوێ بۆ دەستەبەركردنی فەرمانڕاویی مەدەنی بۆ عێراق.

شەقامی عێراق رەخنە لە ئیسلامییەكان دەگرێت

باسی لەوەش كرد، شەقامی عێراق رەخنە لە ئیسلامییەكان دەگرێت بە هەموو ناو و باوەڕە جیاوازەكانیانەوە هەر ئەمەش وا دەكات بەدەستهێنانی ١٠٠ كورسی بۆ سەدرییەكان ئەستەم بێت، هاوكات، بابەتی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكومەت بەشێوەیەكی گشتی پێویستی بە رێككەوتن و هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردنە و لە دەستی یەك لایەنی دیاریكراودا نییە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، حكومەتەكانی دوای روخانی سەدام حسێن سەرۆكی پێشوتری عێراق لەسەر داوای ئەمریكییەكان بە حكومەتی ئەیاد عەلاوی لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ دەستی پێكرد، پاشان پۆستی سەرۆكایتی حكومەت بۆ پاراستنی هێزە ئیسلامییەكان مایەوە لە دیارترینیشیان حزبی دەعوە بۆ چوار حكومەتی یەك لەدوای یەك، لە ساڵی ٢٠١٨، عادل عەبدولمەهدی دەست بەكاربوو، دواتر دەستی لەكار كێشایەوە، ئەمساڵیش مستەفا كازمی وەك سەرۆكی كاتیی حكومەت دەسەڵاتی وەرگرت، چاوەڕوان دەكرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەنوسی كازمی و سەدرییەكان و حكومەتی داهاتووش دیاری بكات

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا