پۆڵەتیک پرێس
ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ساڵی 1991، پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاوڵاتیانی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان دەکات.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، ئاماژە بەوە دەدات، ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەهێزی گەلی کوردستان بووە، لە ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکهاتەکانییەوە، توانرا دەسکەوتی مەزن بەدەست بهێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێت.
هەروەها ڕوونیشی کردەوە، یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی ڕاپەڕینی 1991 ئەوەبوو ، کە هەرگیز خەڵکی کوردستان، دەستبەرداری ماف و داخوازیی نەتەوەیی و ژیانێکی ئازادانە و شکۆمەندانە نابێتلەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.
لە پەیامەکەیدا داوا دەکات و دەڵێت، پێویستە هێزو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەهەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون.
ئاماژەی بەوەشدا بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان دەکات و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکهاتەکان دەهێڵنەوە.