پۆڵەتیك پرێس
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، كۆبونەوەو هەوڵەكانیان بۆ جێگیركردنی پشكی هەرێم و تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای قەرز بەردەوامی هەیەو بەشێك لەلایەنە شیعەكان گرفت بۆ پشكی هەرێم دروست دەكەن.
رێبوار كەریم پەرلەمانتاری عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هێشتا كۆبونەوەكان بەردەوامە، “لایەنی شیعە پێمان دەڵێن دەبێت داهاتی هەرێمیش وەك سەرجەم داهاتی پارێزگاكانی دیكە بەغدا شەفاف بێت، چونكە داهاتی هەرێم نادیارە و كەس نازانێت بۆكوێ دەچێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، ئاشكرانەكردنی داهاتی هەرێم لەلایەن حكومەتەوە ئیحراجیەكی گەورەی بۆ نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دروستكردووە.
وتیشی، “شەڕەكەی ئێمە تەنها لەسەر ئەوەیە بڕێك پارە بۆ هەرێم بنێردرێت بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی پێبدرێت و لانیكەم چارەسەرێكی كاتی بۆ بكەن”.
ئێستا دوو كێشە لەبەردەم تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای قەرزدا هەیە، یەكێكیان دیاریكردنی بڕی قەرزەكەیە، كێشەی دوەمیشیان دانانی پشكی هەرێمە لە پرۆژەكەدا.
ئێستا بەشێك لەلایەنە شیعەكان پێداگرن لەسەر ئەوەی دەبێت هەرێم 480 هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بكات و لەبەرامبەریشدا پێویستە بەغدا تەنها 320 ملیار بداتە هەرێم، ئەوەش نیگەرانی پەرلەمانتارانی كوردی لێكەوتوەتەوە، دەشڵێن، “گەر ئەو داوایەی لایەنە شیعەكان جێگیر بكرێت ئەوا بایكۆتی كۆبونەوەكە دەكەن”.