ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نوێنەری ڤلادمیر پوتین

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیكرد لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە.

لە دیدارێكدا كە باڵیۆز و كۆنسوڵی رووسیا لە عێراق و هەرێم ئامادەیبوون هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتی كرا و بیروبۆچوون لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەكان ئاڵوگۆڕكرا، تەئكید لە هەماهەنگی و كاری هاوبەش كرایەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاكان و بە گرنگییەوە رۆڵی مێژوویی سەرۆك مام جەلال بەرز نرخێندرا لە بنیادنانی پەیوەندییەكی دۆستانە و پتەو لە نێوان هەرێم و رووسیا و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەر رۆشنایی ئەو پەیوەندییە لە مێژینەیە، پێویستی فراوانكردنی هاریكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولای دووپاتكردەوە، بە تایبەت لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتیوانیكردن لەمافەكانی گەلی كورد، و بە وەفدی میوانی راگەیاند یەكێتی پەرۆشی بنیادنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگە كە خزمەت بە هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، داوایكرد هانی سەرمایەداران بدرێت و بەشداری چالاك بن لە بوژاندنەوەی كەرتی ئابووری و وەبەرهێناندا.

هەر لە دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەر رۆشنایی دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنەكان بۆچوونی یەكێتی خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە یەكێتی دەیەوێت كورد یەك دەنگ و یەك بڕیار بێت لە ناوەند و گووتارێكی سیاسی هاوبەشمان هەبێت، تا داكۆكی لە مافە دەستوورییەكان بكەین و لەگەڵ دۆستەكانمان لە بەغدا كاربكەین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و كاراو چالاك.

بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیشیكردەوە ئەگەر سازش نەكرێت و بەرژەوەندی گشتی زاڵنەكرێت ئەوا ململانێیە سیاسییەكان دۆخی وڵات بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات، سازان و لێكتێگەیشتنی نیشتمانی لەنێوان هەموو لایەنەكان تاكە رێگای رزگاركردنی عێراقە لەو هەلومەرجەی تێیكەوتووە.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا بەوردی هەڵوەستەكرا لەسەر بارودۆخی سووریا و ئەگەرە سیاسییەكان تاوتوێكران، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند دواكارین كێشەی كورد لە سووریا بە دیالۆگ و رێگای ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، سووربوونی یەكێتی دەربڕییەوە بۆ پشتیوانیكردن لە كوردانی رۆژئاوا و هاوكاریكردنی فەرماندە مەزڵوم كۆبانی بۆ بەدیهێنانی مافەكانی كورد و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكاندا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا