حكومەت پارەی‌ هەیە؟

لە ماوەی‌ یەك ساڵی‌ ڕابردوودا، هەموو بڕیارو هەوڵ‌و بەڵێنەكان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی‌ گەندەڵی‌‌و ڕاگرتنی‌ كۆمپانیاكاری‌‌و قاچاخچێتی‌ شكستیان خواردووە، یان لانیكەم دەتوانین بڵێین بەرهەمیان نەبووەو نەچوونەتە بواری‌ جێ بەجێكردنەوە‌، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: بێجگە لەو پارەو داهاتەی‌ بەهەدەر دەدرێت‌و بەڕێگەی جیاجیا دەچێتە گیرفانی‌ حزبەكانیانەوە، ئایا حكومەتی‌ هەرێم لە ئێستەدا پارەی‌ هەیە؟ ئەی‌ ئەگەر هەیەتی‌ بۆچی‌ بەلای‌ كەمەوە مووچە ناخاتەوە سەر دۆخە یاساییەكەی‌؟

زۆرجار سەرۆكی‌ حكومەت‌و بەرپرسانی‌ تری‌ حكومەت، بەمجۆرە وەڵامی‌ هاووڵاتیانیان داوەتەوە: حكومەت ئەگەر پارەی‌ هەبێت خەرجی‌ دەكات‌و هیچ حكومەتێك نییە ئەگەر بتوانێت مووچەی كارمەندەكانی وەكخۆی‌ دابەش بكات، بەڵام نەیكات!

ئەم وەڵامەی‌ سەرۆكی‌ حكومەت‌و جێگرو وەزیرەكانی تا ئەو كاتەی‌ نەوت لە خوار 30 دۆلارەوە دەفرۆشرا، و داهاتی‌ باج سنوردارو داهاتەكانی‌ تر كەمبوون، تا ڕاددەیەك‌و لە دۆخێكی‌ پڕ لە گومان‌و دوو دڵی‌‌و ناڕوونیدا لەلایەن هێندێك لە هاووڵاتیانەوە وەك پاساوێك وەردەگیرا‌، بەڵام لە ئێستەدا كە نەوت لە كۆتایی‌ ساڵی‌ ڕابردووەوە نرخەكەی‌ گەڕاوەتەوە بۆ پێش كۆرۆناو حكومەتی‌ هەرێم بەلای‌ كەمەوە لە سەرو پەنجا دۆلارەوە نەوت دەفرۆشێت، ئەوە ئیتر ئەو پاساوە بەهاكەی‌ نزیكە لە (هیچ)ەوە، ئەی‌ كەواتە حكومەت ئەو پارانەی‌ چی‌ لێدەكات؟

پاش ماوەیەكی‌ تر هەڵبژاردنێكی‌ پێشوەختە لە عێراق ئەنجام دەدرێت، ئەگەر هێزەكانی‌ دەسەڵات بەم حاڵەی‌ ئێستەوە كە نەوەك هەلی‌ كاریان نەڕەخساندووەو دۆخ‌و باری‌ ئابوری‌ كوردستانیان باش نەكردووە و پاشەكەوتی مووچەیان نەگەڕاندووەتەوە وەك بەڵێنیان دابوو!، بەڵكو هەر مووچەخۆرێك (بە دایكی‌ شەهیدانیشەوە) لە ساڵی‌ 2020 تەنها یەك لەسەر چواری‌ سەرجەمی‌ ئەو پارەیەی‌ وەرگرتووە كە بە پێی‌ یاسا دەبوو وەریبگرێت، بۆیە‌ نایانەوێت بە دۆخێكی‌ لەمجۆرەوە كە شكستی ئابوری و دارایی و سیاسییە بچنە هەڵبژاردنەوە.

پیلانەكەشیان (نەوەك پلان) ئەوەیە كە ئەو پارانەی‌ كە بەهۆی‌ زیادبوونی‌ داهات‌و دابەشنەكردن و لێبڕینی مووچەوە بە نایاسایی ماوەتەوە، لە چەند مانگی‌ پێش‌ هەڵبژاردندا بۆ ڕیكلامی‌ هەڵبژاردن بەكاریبهێنن، واتە ئەو پارەیەی‌ بە نایاساییانە لە منداڵی‌ مووچەخۆریان گرتووەتەوە بۆ چەواشە‌كردنی‌ خەڵك بەكاریبێنن‌و هێندێك پڕۆژەی‌ پێ بەگەڕ بخەنەوە بەتایبەت ئەو كارو پڕۆژانەی‌ كە بەرچاون، تا بە خەڵك بڵێن: ئەها كابینەكەمان كار دەكات بۆ كوردستانێكی‌ بەهێز!

سەبارەت بە زۆری‌‌و كەمی‌ ئەو پارانەش، بە پێی‌ خەمڵاندنی‌ من بەلای‌ كەمەوە لەسەرەتای‌ ساڵی‌ 2020ەوە هەر مانگێك نزیكەی‌ 300 ملیار دینارە، كە دەكرا بەهۆیەوە مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بكرێت، تەنها بۆ سێ مانگیش بڕەكە دەكاتە 900 ملیار!، بەو 900 ملیارەش دەتوانرێت بەلای‌ كەمەوە 90 پڕۆژەی‌ 10 ملیار دیناری‌ پێ وەگەڕ بخرێتەوە، كە هەر 10 ملیار لە توانایدا هەیە سێ قوتابخانەی‌ 18 پۆلی‌ بە هەموو تایبەتمەندی‌‌و مواسەفاتەكانیەوە پێ دروست بكرێت!، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە، 23ی 2ی 2021 یشیدا، حكومەت بڕی 349 ملیار دیناری لەو پارەیە تەرخانكرد بۆ پڕۆژەكانی پارێزگاكان.

ئەوەی هەر كەسێك چاوەڕێی دەكات لە حكومەت ڕاستگۆییە لە ڕێگەی شەفافییەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە حكومەتی هەرێم خاوەنی ئەم خەسڵەتە نییە، ئەگەر بەرپرسانی حكومەت گومانیان لەم زانیاریی و بۆچوونانەی ئێمە هەیە ئەوە با ئەوان ڕاستییەكان بە خەڵك بڵێن و ئەوە بۆ هاووڵاتیان ڕوون بكەنەوە كە چۆن حكومەت نەوت بە پێنج دۆلار بفرۆشێت لەگەڵ پەنجاو پێنج دۆلار جیاوازی نییە؟

عومەر گوڵپی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا