گەنج و پرسی فریادڕەسی:

ئەم بابەتە 187 جار بینراوە

كۆی ئەوململانێ سیاسەیەی كە لە ئەمڕۆی ژیانی سیاسی كوردستاندا دەگوزەرێت، ململانێیەك نیە بە ئاراستەی كۆششكردن و ھێنانەدی خۆشگوزەرانی كۆمەڵایەتی، بەڵكو ململانێەكە بە ئاراستەی پەرتكردنی كۆی ناسنامەكان و لە قاڵبدانیان بە كۆمەڵێ بیری دۆشدراو بە گرێی ڕق و ململانێ كە دواجار سەردەكێشێت بۆ بیری بەربەرێت و فاشزیزم. گەنجان لەمڕۆدا خۆیان بەقوربانی تەواوی ئەو سیستەمە دەبینین كە دەسەڵات سازاندویەتی. سیستەمێك كە تێیدا ھەستی نەتەوایەتی و خزمەتكردن بۆتە نەنگی لەلای گەنجەكانی. گەنجان لەمڕۆدا خەونەكانیان زیاتر خەونێك نیە لە چوارچێوەی چەند پرسێكی نەتەوەی و كلتوری پەنگی خواردبێت. بەڵكو خەونەكان دواجار خەونگەلێكن بە ئاراستەی ئەو خۆشگوزەرانیە مۆدێرنەی كە سیستەمی سەرمایەداری لە جیھاندا لەڕێگای سیستەمە ھەمەچەشنەكانیەوە ئاراستەی دەكات. ئیمڕۆ ئامێرەكانی پەیوەندی بەجۆرێك بەرفراوان بوون كە پێناسە نەكراوە. گەنجی كورد بەئاسانی دەتوانێت خەون و دونیابینیەكانی خۆی ئاوێتەبكات بە جۆرە فۆڕمێك، كە تەواو جیاواز و دژە بە شوناسی كلتوركەی خۆی، كە لەمێژە تەوندراوە بە كۆمەڵێ سەوابیتی پیرۆز. كە ھەقیقەتی خۆبوونی بەو جۆرە تێدا ناساندوە كە پێشینان پێیان باش و پەسەندبووە. بۆیە شتێكی سانایە كاتێك ئەو گەنجانە دەبینین كە بەنەوەی تازە و نوێ پێناسەدەكرێن. پڕن لە نامۆبوون، پڕن لە یاخیبوون لەتەواوی پیرۆزیەكان. چی پیرۆزی ئاینی بن یاخو پیرۆزی دونیایی.
ئەو كێشە ھاوبەشانەی كە لە ئەمڕۆی چینی گەنجان تێبینی دەكرێت، دواجار كێشەگەلێكی جیھانین بەڵام لە فۆڕمێكی لۆكاڵیدا. بۆنموونە زیادبوونی بەكارھێنانی زمانی بێگانە وەلانانی زمانی نەتەوەی. چەندێك لە كوردستان گرفتبێت لە وڵاتانی تری جیھانیش دواجار ھەر گرفتێكە بەڵام بەلێكەوتەیەكی جیاوازتر.

پارتە سیاسەكان ھەردەم لە كۆششدان تاكو بتوانن زۆرترین كەسی گەنج یان لەدەوربێت بەڵام بۆ ساتێكیش چیە؟ ئەوەیان لەلا گرنگ نەبوە كە لە پێویستە ڕۆحی و مادیەكانی گەنج تێبگەن لە سیستەمی ژیانی ئەمڕۆی مۆدێرندا.بەڵكو لەھەوڵدابوون تواناكانی گەنج پەرت و پڕكەلێن بكەن بە ئاراستەی پیرۆزكردنی خۆیان و چەند كەسێك لە فیگۆرە دیارەكانیان. گەنجیش دواجار لە جیھانی خەونەكانیدا وێڵە بەدوای فریادڕەسێكدا كە دەستی بگرێت و بەشێك لە خەونەكانی بۆ بەدی بھێنت. ھەندێك لەنێوخۆدا بەدوای ئەو فریادڕەسەدا لە گەڕاندان. ھەندێكی تریش لە ڕێگای كۆچكردن بەرەو ھەندەران لەگەڕانی ھەمیشەیدان بۆ ئەو فریادڕەسە، كە ژیان دوای دۆزینەوەی ئەو تەواو دەگۆڕێت بەو جۆرەی كە خوازراوە!.

ئەوەی گرنگە لێرەد ئاماژەی بۆبكرێت، گرنگی پتەو بوونی بیری گەنجە بەوەی كە دواجار تاكە كەسێك، بتوانێت فریادڕەسی بێت خودی خۆیەتی، نەوەك مرۆڤانێك كەناتوانن بەڕاستی ببنە ڕابەر و فێركاریان.

لەكۆتایدا گرنگە گەنجان لەوە تێبگەن: جیھانی ئیمڕۆ، جیھانێكە پڕە لە ململانێ و ماندووبون، بەڵام دواجاریش پڕە لە دەرفەت و سەركەوتن!. دەرفەت و سەركەوتن لەو جیھانە خەیاڵیەوە نا كە سۆشیال میدیاوە سازاندویەتی و ھەناوی پڕە لە ھەقیقەتی شێواو. بەڵكو لەو جیھانەی كە پێویستی بە گەنجی تینو بە سەركەوتن و سەركەشیە بە ئاراستە خزمەت و داھێنان. كە دواجار بەرھەمەكەی لە خزمەتی پێكەوە ژیان و نیشتیمان بێت نەوەك كۆیلەبوون لە بازنەی پیرۆزیە داخراوەكاندا.

 

شارۆ شاھۆ

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک