چیرۆكێكی دیكەی مامجەلال

رۆژی بڕیاردان لەسەر قانونی ئیدارەی دەوڵەت، لەدوای روخانی سەدام. سەركردەی هەموو گروپ و لایەنە سیاسیەكانی عیراق (مامجەلال، مەسعود بارزانی، ئەحمەد چەلەبی، نەوشیروان مستەفا، پاچەچی..تد) بەئامادەبوونی پۆل برێمەر حاكمی مەدەنی عیراق لەكۆبونەوەی كۆتایی گفتوگۆی رەشنوسی قانونەكە بوون.

ئەمیر خۆشابا و یۆنادم یوسف كەننە لەبزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوریی وەك نوێنەری كلدۆ ئاشور سریانەكانی (مەسیحی) عیراق خەریكی لۆبی كردن بوون بۆ ماددەیەكی تایبەتمەند بەپێكهاتەكانی ئاشوریی و توركمان و كەمینەكان. دەبوو یەك یەك سەركردەكان رازی بكەن بەرەشنوسی ماددەكە تاوەكو لەناو قانونەكە جێی بكەنەوە كە دواتر لەدەستوری عیراق لەماددەی 125 وەكوخۆی جێگیركرا بریتی لە (ئەم دەستورە مافی كارگێڕیی و سیاسی رۆشنبیریی و خوێندن بۆ نەتەوە جیاوازەكانی، توركمان، كلدان و ئاشورو هەموو پێكهاتەكانی دیكە، ئەمە بەقانون رێكدەخرێت).

ئەمیر خۆشابا وتی یەك یەك زەحمەت بوو بگەڕێن و رازیان بكەین، بەتایبەت زۆربەی شیعەو سوننە وەك پێویست گرنگیان بەو بابەتانە نەدەدا، بەهەریەكێكمان دەگوت سەرپێی وڵامیان دەداینەوە. وتی؛ هەمووان دانیشتبوون، چوومە لای مامجەلال، تێمگەیاند چیمان دەوێت، دەستبەجێ مامجەلال دەستی لەمل كردم و بەدەنگی بەرز وتی؛ برایان خوشكان، دەمەوێ‌ گوێبگرن! هەموو وەئاگاهاتن و گوێیان بۆ مامجەلال رادێرا! وتی؛ ئەو ماددەیە دەخوێنمەوە دەبێ‌

هەموومان پشتیوانی بكەین، ئێمە لەعیراقێكی نوێدا دەژین، ئەگەر مافی هەموو پێكهاتەو رەنگەكان وەكویەك دابین نەكەین، سەركەوتوو نابین. بەردەوام بوو وتی؛ كلدۆئاشورو توركمانەكان گەلانی رەسەنی عیراقن، ئەم ماددەیە دەخوێنمەوە من یەكەم كەسم نەك دەنگی بۆ دەدەم، بەڵكو شەڕی لەسەر دەكەم!
مامجەلال ماددەكە دەخوێنێتەوە، هەمووان لەنێوانیاندا (مەسعود بارزانی) دەستیان بەرزكردەوە دەڵێن هەموومان پشتیوانتین مامە.

ئەمیر وتی، كە مامجەلال ئەو كارەی بۆ ئێمەی كلدۆ ئاشوریی كرد، چاوم پڕبوو لەگریان، نەمدەزانی نە بگریم و نە پێبكەنم. دوای سوپاسگوزاریی و رێزێكی زۆر لەبارەی ئەو هەڵوێستە چاوەڕوانكراوەی مامجەلال، سوپاسێكی زۆری مامجەلالیان كرد. ئەمیری هاوڕێم پێی وتم “مامجەلال هەر وا سەربەرزە، هەر مامە دەمێنێتەوە”

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا