سڵاو لە پڵنگەكانی زیندان ​ئازادی بۆ پێشەنگەكانی بادینان

منیش گەواهی دەدەم، پڵنگەکانی بادینان، نەک هەر دەستێک، دارستانێک دەست و مەچەکیان لەپشتە. بەدرێژایی زنجیرەچیاکانی زاگرۆس و تورووس، ملیۆنان دەست گوڵەباخی کۆڵەمستیان گرتووە و لەبەر کزەبای ئازادی دەشنێنەوە.
چ بەدبەخت و چارەڕەشن ئەوانەی، لەجێی سەد ملیۆن دەستی هاوخوێنەکانی خۆیان، دەستی میت و ئیتتیلاعات و موخابەرات و دامودەزگەکانی دیکەیان لە پشتە و نیشتمان پڕ دەکەن لە تخووب: تخووبی سۆران و بادینان، ئەم بەرەباب و ئەو بەرەباب، ئەم پارتخێڵ و ئەو پارتخێڵ، هەولێر و سلێمانی، دهۆک و زاخۆ، ڕەنگی ئەم جامانە و ئەویتر…
ئەو هەموو لەمپەر و دیوارانەی، لە ماوەی دەیان ساڵی کاولکاریدا، پارتخێڵەکان لە ڕیزەکانی گەلی کوردستاندا هەڵیانچنیوە بە خۆڕاگریی کوڕگەلی بادینان خەریکە دەرەزی تێ دەکەوێ. هەنووکە بادینان و سۆران، کوێستان و گەرمیان زێتر لە جاران هەست بە هاوچارەنووسی دەکەن و بەمەش خەریکن ڕەنجی دەیان ساڵەی بەرەبابە مەلعوونەکان بە با دەدەن.
سەیرە! سەرانی پارتخێڵەکان ڕۆژێ بە تەنەکە و بەرمیل درۆ دەکەن، کەچی هێندە دەبەنگن، دوای سی ساڵ فەرمانڕەوایی، هەر فێر نابن چوار درۆی ماقووڵ بکەن بۆ پینەکردنی تاوان و کەتنەکانی خۆیان. هەر کەسێک باسی نان و داد و ئازادی بکا، ئەوان تەماشایەکی ئاوێنە دەکەن، خۆیان دەبینن و قەوانە شڕەی بەعسییەکان لێ دەدەن: سیخوڕە، دەستی لە پشتە!!!!
تا ئێستا وام دەزانی ئەگەر بە میکرۆسکۆپیش چاو لە چاکەیەکی حوکمڕانە وەحشی و نەخوێندەوارەکان بگێڕم نایدۆزمەوە، بەڵام ماوەیەکە هاتوومەتە سەر ئەو باوەڕەی کە، نەخێر، چاکەیەکیان هەیە، چاکەیەکی گەورە: هیچ ڕووبەرێکی جاشایەتی و سیخوڕییان بۆ کەسانی خوار خۆیان بەجێ نەهێشتووە، چونکە تا سیخوڕی گەورە وەستابن، کەس بە کەچەلیرەیەکی ئەردۆگانیش سیخوڕ و جاشی ڕەشۆکی ڕاناگرێ. لە سەردەمی ئینتەرنێت و گووگلی دەمشڕ و دڕۆنی هەزارچاو و مانگی دەستکردی نەهەنگەکان کێ کاری بە خەفیە و جاشی برسی و لاتولەوار ماوە؟!
ئەمڕۆ مۆدەی سوپەرسیخوڕانە، سیخوڕی وا، بە فڕۆکە هاتوچۆ بکا، بەتالیۆنێک پاسەوان و کاروانێک جامڕەشی لە دووبێ، بتوانێ بە فەرمانێک سەرزەوی و بنزەوی بۆ ماخۆکانی دابدۆشێ، فەرهەنگ و زمانی نەتەوەیەک ئاوەڕووت بکا، جوگرافیای وڵاتێک بگۆڕێ، بە بەرات و مووچەی حەرامی بندیوار سەدان هەزار هاونیشتمان بکاتە بەرتیلخۆر و دایانتەپێنێ، شارەکانی کوردستان بەعسیڕێژ بکا، هەستی خێڵەکی و شارچییەتی و دیالێکتبازی بڕسکێنێ، وەک بزمار داچەقێ و سی ساڵی ڕەبەق ڕێگە نەدا بەشێکی وڵات، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، دەستوورێک، لەشکرێک، پەرلەمانێک، سیستەمێکی دادوەریی هەبێ، نەک چەند چەقەنەخانەیەک بۆ دەستپێداهێنان و خەساندن و زمانبڕین..
سڵاو لە پڵنگەکانی زیندان
ئازادی بۆ پێشەنگەکانی بادینان
عەبدوڵڵا پەشێو
هێلسنکی ٣/٣/٢٠٢١
****
لە ساڵی ١٩٨٤دا ئەم هۆنراوەیەی خوارەوەم بۆ قارەمانانی ناو زیندانەکانی داگیرکەران نووسی. ئێستاش، دوای ئەو هەموو ساڵانە ، زیندان و زیندانی هەمانن، ئەوەی گۆڕاوە زمانی زیندانەوانەکانە…
پێلێنان
“كێت له‌گه‌ڵدایه‌، ته‌ره‌س؟”
“كێت له‌گه‌ڵدایه‌، سه‌گباب؟”
ئێستا دانی پیا ده‌نێم،
به‌سه،‌ لێم مه‌ده‌ جه‌ناب:
ئاوی چه‌م و ڕووباران،
داری شیو و كه‌ناران،
دڕنده‌ی ده‌شت و شاخان،
فڕنده‌ی ڕه‌ز و باخان،
ته‌می دۆڵ، كوچكی به‌ستان،
بای گه‌رمێن، به‌فری كوێستان،
ملیۆنان دیلی زیندان،
زیندانی شار و گوندان،
ئه‌ندامی شانه‌كه‌من،

عەبدوڵا پەشێو

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا