ئه‌گه‌ری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ حكومه‌ت له‌ئارادایه‌

پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت:”ئەمڕۆ هەڵوێستی فەرمی فراكسیۆنە شیعە و سوننەكان دەردەكەوێت لەسەر پرسی پشكی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021، پێشبینیش دەكرێت پرۆژە یاساكە بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت”.

بێستوون عادل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی:”ئەم ماوەیە بە هۆی پشووی پەرلەمانەوە لەنزیكەوە پەرلەمانتارانی شیعە و سوننەمان نەبینیوە، تا بزانین هەڵوێستی فەرمی ئەوان چۆنە دەربارەی پشكی كورد لە پرۆژە یاسای بودجە، بۆیە ئەمڕۆ لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا هەڵوێستی فەرمی ئەوان دەردەكەوێت”.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: “بەشێوەیەكی گشتی ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان تێبینییان هەیە لەسەر بەشی هەرە زۆری بڕگەكانی پرۆژە یاسای بودجە، بۆیە پێشبینی دەكرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەتی عێراق”.

بێستوون عادل ئاشكراشیكرد ئەو تێبینییانەی پەرلەمانتاران هەیانە لەسەر پرسی كورتهێنانی بودجە و چۆنیەتی پڕكردنەوەی كورتهێنانە، كە وایكردووە مووچەی فەرمانبەران كەم بكرێتەوە و بەهای دۆلار بەرامبەر دینار زیاد بكرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ په‌رله‌مانی عیراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 بكات و پشكی هەرێمیش بە 12.67% دیاریكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا