جاسم محەمەد: نابێت فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە مووچەکانیان بێبەش بن

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەگەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، بڕیاری دادگا روونە کە نابێت فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە مووچەکانیان بێبەش بن.

رۆژی یەکشەممە 7ی نیسانی 2024 جاسم محەمەد عەبوود، سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دادگای فیدراڵی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی رۆڵی نێردەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بەتایبەت رۆڵی لە هەڵبژاردنەکان کراوە.

هەردوولا لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش قسەیان کرد و لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، باسی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی خانەنشینان، فەرمانبەران و سوودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر دابەشکردنی مووچەیان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بابەتەکە پەیوەندی بە کێشەی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە هەیە.

سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، دادگاکە لە بڕیارەکەیدا ئەوەی روونکردووەتەوە کە نابێت کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ببنە هۆکاری بێبەشبوونی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە مووچەکانیان و پێویستە هەمان مامەڵەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەیان لە پارێزگاکانی عێراق بۆ بکرێت.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا