لیستی دڵخۆشترین وڵاتانی جیهان بۆ ساڵی 2024؛ عێراق پلەی 92ـی گرتووە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە رۆژی جیهانیی دڵخۆشییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان لیستی دڵخۆشترین وڵاتانی جیهانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە و بۆ حەوتەمین ساڵ لەسەر یەک، هاوڵاتییانی فینلەندا بە دڵخۆشترین دانیشتوانی سەر زەویی هەڵبژێردران.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جیهان رۆژی 20ـی ئاداری وەک رۆژی جیهانیی دڵخۆشی دیاریکردووە و ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024) لیستی ریزبەندی ئەو وڵاتانەی بڵاوکردەوە کە لە جیهاندا دانیشتوانەکەیان دڵخۆشترینن.

لە پلەی یەکەمدا وڵاتی فینلەندا دێت، کە حەوتەمین ساڵە لەسەر یەک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە دڵخۆشترین وڵاتی جیهان دیاریدەکرێت؛ پاش ئەویش وڵاتانی دانیمارک، ئایسلەندا و سوید لە پلەکانی دووەم تا چوارەم دێن.

لیستی 10 لە دڵخۆشترین وڵاتەکانی جیهان بەم شێوەیەیە؛ فینلەدا، دانیمارک، ئایسلەندا، سوید، ئیسرائیل، هۆڵەندا، نەرویج، لۆکسمبۆرگ، سویسرا، ئوسترالیا.

لیستەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 143 وڵات پێکهاتووە و ئەفغانستان لە ریزبەندیی کۆتایی و لە پلەی 143هەمین دا هاتووە و وەک خراپترین وڵات لەسەر ئاستی دڵخۆشی تاکەکانی دیاریکراوە.

هەروەها، وڵاتانی ئەمریکا و ئەڵمانیا بۆ یەکەمین جار لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ناویان لە ریزی 20 وڵاتەکەی یەکەم دا نەهاتووە و پاشەکشەیان کردووە.

وڵاتانی کۆستەریکا و کوەیت لە ریزبەندییەکەدا هاتوونەتە پێشەوە و لە پلەکانی 12 و 13 دێن.

لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەکراوە، وڵاتانی ئەفغانستان، لوبنان و ئوردن بەرێژەیەکی زۆر هاتوونەتە خوارەوەی ریزبەندییەکە و لەبەرامبەردا وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ئەورووپای وەک سڕبیا، بولگاریا و لاتڤیا بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە دیووە.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لە پلەی 92هەمینی دڵخۆشترین وڵاتەکانی جیهاندایە و بەراورد بە ساڵی 2023، شەش پلە سەرکەوتووە.

ئەو هۆکارانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتی پێدەبەستێت بۆ دیاریکردنی ئاستی دڵخۆشیی دانیشتوانی وڵاتێک بۆ راپۆرتەکانی بریتین لە؛ ئاستی بەرهەمی گشتیی نیشتیمانیی (GDP)، پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکان، درێژی و تەندرووستیی تەمەنی تاکەکان، ئازادی، بەخشندەیی و ئاستی گەندەڵی لە وڵاتەکەدا، داهاتی تاک و ئاستی هەژاریی و چەند فاکتەرێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیکە، هەروەها لە راپرسییەکەدا بۆ هەر پرسیارێک پێوەرێکی هەڵسەنگاندنی لەنێوان 0 بۆ 10 خاڵ داناوە و لە هەر وڵاتێک پرسیار لە 1000 هاوڵاتی کراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا