ئەو سەربازە ئەمریکییەی بۆ پشتگیریکردن لە فەڵەستین خۆی سووتاند، گیانی لەدەست دا

پۆڵەتیك پرێس:

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەو سەربازە ئەمریکییەی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن-ی پایتەختی ئەمریکا وەک ناڕەزاییەتییەک لەبەرامبەر هێرشی ئیسرائیل بۆسەر فەڵەستین خۆی سووتاند، گیانی لەدەستدا.

ئارۆن بووشنێڵ-ی تەمەن 25 ساڵ، ئەندامی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بوو، رۆژی یەکشەممە، کاتژمێر 1ـی پاش نیوەڕۆ (بەکاتی ناوخۆی واشنتن)، لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەمریکا خۆی سووتاند و پاش مانەوەی بۆ ماوەی یەک رۆژ لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

لە رووداوەکەدا هیچ کارمەندێکی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل زیانی بەرنەکەوتووە.

ئارۆن، لە پلاتفۆڕمی تویچ بە جلووبەرگی سەربازییەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەکە دەردەکەوێت و پاش خۆ ناساندنی وەک ئەندامێکی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، دەڵێت، “ئەمڕۆ م پلانم هەیە بە شێوەیەکی زۆر جیاواز ناڕەزایەتیی خۆم لەبەرامبەر جێنۆسایدی فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەرببڕم” و ئاگاداری بینەرەکانی دەکات کە شێوازی ناڕەزایەتییەکەی ”دیمەنی هەستیاری تێدا دەبێت”.

پاش ئەوەی ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات، ئارۆن بوشنێڵ-ی تەمەن 25 ساڵ لە باروودۆخێکی تەندرووستی خراپدا دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە و پاش مانەوەی بۆ ماوەی یەک رۆژ، گیان لەدەست دەدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، کارمەندێکی هێزەکانی پۆلیسی ئەو شارە کە لەکاتی ئەرکدا بووە پەیوەندیی بە رووداوەکەوە هەبووە و لە ئێستادا پۆلیس و بەشی چالاکییە نهێنییەکانی ئەو وڵاتە لە لێکۆڵینەوەدان.

ئەمە یەکەمین جار نییە لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەمریکا، هاوڵاتییان بەشێوەی جیاجیا ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر کەرتی غەززە دەردەبڕن؛ لە دیسامبەری 2023، خۆپشاندەرێک بەهەمانشێوە لەبەردەم کۆنسوڵخانەی ئیسرائیل لە ویلایەتی جۆرجیا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە فەڵەستین لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023ـەوە بەردەوامیی هەیە.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن: حەماس لە رۆژی یەکەمی هێرشەکە نزیکەی 1200 هاوڵاتیی ئیسرائیلی کوشت و 253 هاوڵاتیشی بە بارمتە گرت.

لای خۆشیەوە وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین کە سەر بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی چەکداریی حەماسە دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە 29 هەزار و 300 هاوڵاتی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا