نرخی کیلۆیەک بامێ بە گۆشتەوە 60 هەزار دینارە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور و گرانیی نرخی بامێ ”حلە” لە بازاڕەکان، ئەگەر بتەوێت ژەمێک خواردن بە شلەی بامێ و گۆشتی سوور ئامادە بکەیت، نزیکەی 60 هەزار دیناری تێدەچێت.

پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس لە بازاڕی “حەوزە وشکەکەی” سلێمانی بەدواداچوونێکی مەیدانی بۆ نرخی گۆشتی ئاژەڵ و بامێی حلە لە بازاڕی گەورەی شاری سلێمانی کرد و نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.

نوێنەری گۆشتفرۆشانی بازاڕی حەوزە وشکەکەی شاری سلێمانی رایگەیاند، نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە 23 هەزار دینارە، نرخی کیلۆیەک قیمەش بە 22 هەزارە.
ئەو دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی گۆشت گەیشتە 24 هەزار دینار بەڵام ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەرانی گۆشتفرۆشانی سلێمانی کردووە و داوای لێکردوون تا ئەوکاتەی بەدواداچوون بۆ نرخەکان لە مەیانەکەی سلێمانی دەکەن گۆشت بە نرخی هەرزان بفرۆشرێت بە هاوڵاتییانی شاری سلێمانی.
ئەو گۆشتفرۆشە باس لەوە دەکات، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکاریی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی نەبن و ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە نەکرێت کە ئاژەڵ هاوردەی شاری سلێمانی دەکەن، نرخی گۆشتی سوور لە مانگی رەمەزاندا دەگاتە 27 هەزار دینار.

لەلایەکی دیکەوە، پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس بەدواداچوونی بۆ نرخی بامێ کرد کە ماوەیەکی کەمە هاوردەی بازاڕەکان دەکرێت و نرخەکەی لە بەرزترین ئاستدایە.
فرۆشیارێکی سەوزە و میووە لە بازاڕی گەورەی شاری سلێمانی بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، نرخی کیلۆیەک بامێی حلە کە ماوەیەکی کەمە دەهێندرێتە بازاڕەکان، دەگاتە 35 تا 40 هەزار دینار.

بەم شێوەیە بێت، ئەگەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان بیەوێت خوانی ئێوارەیەکی ‘شلەی بامێ’ بێت و گۆشتی سووری تێدابێت، پێویستە نزیکەی 55 بۆ 60 هەزار دینار خەرج بکات بۆ کڕینی کیلۆیەک بامێ و کیلۆیەک گۆشتی سوور.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەهار، خواست لەسەر بەرووبووم و خواردنە وەرزییەکانی وەک بامێ، گەڵامێو، چوالە و هەڵوژە زۆر زیاد دەکات و لە سەرەتای هاتنی ئەم بەرووبوومە بۆ ناو بازاڕەکان، نرخەکانیان بە دەیان قاتی نرخی ئاسایی خۆیان دەفرۆشرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا