پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ چوارشەممە17ی کانونی دووەم، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکرایکرد، بەمەبەستی دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی سڤیل و دەرمان بۆ بارمتەکان ڕێککەوتنێک ئەنجام دراوە.
ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، توانیویانە بە هاوکاری فەرەنسا لەنێوان ئیسرائیل و حەماس نێوەندگیری لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بکەن، کە بریتییە لە چوونە ژوورەوەی دەرمان و ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە.
ئاماژەی بەوەکرد، بە دوو فڕۆکەی قەتەر ئەمڕۆ دەرمان و هاوکارییەکان ڕەوانەی شاری عەریشی میسر دەکرێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەیان بۆ کەرتی غەززە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕێککەوتنەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕوونیکردەوە، لەلایەن نوێنەرانی قەتەرەوە لە کەرتی غەززە دەرمانەکان بۆ شوێنی دیاریکراو دەگوازرێنەوە.
هاوکات فەرەنسا جەختیکردەوە، ئەو دەرمانانەی دەگەیەنرێنە بارمتەکان لە کەرتی غەززە بەشی سێ مانگ دەکات و بەهیوایە ئەم دەستپێشخەرییە دووبارە ببێتەوە.