عێراق هێرشەكەی سەر هەولێر دەباتە نیویۆرك

پۆڵەتیك پرێس

هێرشە بێ پاساوەكانی ئێران بۆسەر پایتەختی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەك بوو، دەنگی عێراقی دۆست و هاوپەیمانیشی دەرهێنا. بۆیەكەمجارە بەغدا وا بە گوڕ و توندیی، راشكاوانە بێتە دەنگ و هێرشەكەی ئێران بە دوژمنكارانە ناوببات.

قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، چوونەتە ماڵی ئەو سەرمایەدارەی كە لە هەولێر كرایە ئامانج و دەركەوت، بانگەشەكان كە باس لەوە دەكەن بارەگای مۆسادە، راست نین

هەرزوو لیژنە پێكهێندرا و گەیشتە هەولێر. قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق هێشتا لە هەولێر نەگەڕابووەوە بەغدا، رایگەیاند، چوونەتە ماڵی ئەو سەرمایەدارەی كە لە هەولێر كرایە ئامانج و دەركەوت، بانگەشەكان كە باس لەوە دەكەن بارەگای مۆسادە، راست نین، ئەمە دەكرێتە راپۆرتێكی فەرمی و دەدرێتە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان.

ئەو لیژنەیەی بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر پێكهێنراوە لە پێنج بەرپرسی باڵای سەربازی پێكدێن، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش تێیدا ئەندامە، دەبێت لەماوەی 48 كاتژمێردا راسپاردەی خۆیان لەسەر ئەو هێرشانە بدەنە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق.

لە هەنگاوێكی كەم وێنەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەرزوو بە بانگهێشتكردنی هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئێران، یاداشتی ناڕەزایەتی وڵاتەكەی رادەستی كرد و باڵیۆزی عێراقیش لە ئێران بۆ راوێژ لەسەر هێرشەكەی هەولێر بانگكرایەوە.

حكومەتی عێراق هەڵوێستێكی تووندی نیشاندا بەرامبەر هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و بە “دووژمنكاریی ئێران” ناوی برد

لەسەر ئاستی پەرلەمانیش زیاتر لە 70 واژۆ كۆكرایەوە تاوەكو لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا، پەرلەمانی عێراق بڕیاری گرتنەبەری رێوشوێنی جیدی بدات بەرامبەر ئەو هێرشانەی كرانە سەر هەولێر.

حكومەتی عێراق هەڵوێستێكی تووندی نیشاندا بەرامبەر هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و بە “دووژمنكاریی ئێران” ناوی برد، هەروەها بڕیاریدا سكاڵایەك لە دژی ئێران بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك.

ئەم هەڵوێستەی حكومەتی فیدرالیی عێراق بە سەرۆكایەتی محەممەد شیاع سودانی، تووندترین هەڵوێست بووە لەلایەن عێراقەوە بەرامبەر هێرشەكانی ئێران بۆ ناو خاكی عێراق لە دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێنەوە.

هەروەها عێراق دەڵێت، حكومەتی كۆماری عێراق ئەم كردارە بە دووژمنكاری دادەنێت بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراق، هەروەها سووكایەتییە بە درواسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەكە.

لەو 11 مووشەكەی هەولێریان پێ كرایە ئامانج، پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر كەوتن

عێراق بڕیاریداوە كاردانەوەكانی خۆی بەرزبكاتەوە بۆ ئاستێكی نێودەوڵەتی و رایدەگەیەنێت، هەموو رێوشوێنە یاساییەكان دەگرینەبەر، لەوانەش پێشكەشكردنی سكاڵایەك بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. شەوی 15-1-2024 11 مووشەك لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاراستەی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كرا.

لەو 11 مووشەكەی هەولێریان پێ كرایە ئامانج، پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر كەوتن؛ لە ئەنجامدا خۆی، كچێكی، میوانێكی و كارگوزارێكی ماڵەكەی گیانیان لە دەستدا، كچی پیشڕەو دزەیی ناوی ژینە بوو كە ‌هێشتا 10 رۆژ مابوو تەمەنی بگاتە یەك ساڵ. هەروەها كارگوزارە فلیپینییەكە ناوی میشێل بوو و دایەن و بەخێوكاری ژینە بوو، سەرمایەداری كریستیانی عێراقی كەرەم میخائیل سەریدار خەڵكی پارێزگای موسڵ بوو و لەدایكبووی 1981 بوو و لە بەریتانیا ژیاوە و خوێندوویەتی، باوكی دوو منداڵە و خاوەنی كۆمپانیای رەیانە و بریكاری هەردوو كۆمپانیای سامسۆنگ و سۆنی بووە لە عێراق، ئەو شەوە میوانی پێشڕەو دزەیی بووە لە هەولێر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا