ئاماری قوربانییانی 100 رۆژی رابردووی جەنگەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکرایەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ یەکشەممە، جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە فەڵەستین پێی نایە رۆژی 100ـەمینەوە و ژمارەی قوربانییانی ئەو جەنگەش تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچێت.

سەد رۆژ بەر لە ئێستا، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس ”گەورەترین هێرشی 75 ساڵی رابردوو”یان کردە سەر ئیسرائیل تەنها لە رۆژی یەکەمی شەڕەکەدا، زیاتر لە هەزار و 200 کەس لە ناوچە سنووریەکانی نێوان هەردوو وڵات کوژران کە رێژەیەکی زۆریان هاوڵاتیی مەدەنی بوون.

هەر لەو رۆژەدا زیاتر لە 230 هاوڵاتی لەلایەن حەماسەوە بەدیل گیران کە بەشێکیان هاوڵاتیی وڵاتانی دیکەی جیهان بوون.

لە بەرەبەیانی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، هەزاران چەکداری حەماس هێرشیانکردە سەر چەندین خاڵی سنووری نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و پشتوێنی پۆڵاینی ئیسرائیلیان بەزاند و چوونە ناو شارەکان و هەزاران مووشەکیان بە ئاراستەی ئیسرائیل تەقاند.

هاوڵاتییانی ئیسرائیل رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم بە ”ترسناکترین رۆژ” لە مێژووی ئیسرائیل ناودەبەن و پێیانوایە شکستێکی گەورەبوو بەر شکۆی سەربازیی ئیسرائیل کەوت.

ئیسرائیل لە تۆڵەی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس، ئۆپراسیۆنی ‘شمشێری ئاسنین’ـی دژی چەکدارەکان راگەیاند و بەڵێنی ‘ریشەکێشکردنی حەماس’ـی دا.

ئیسرائیل سەرەتا لەرێگەی فڕۆکەی جەنگی و تۆپهاوێژی دوورمەودا، ناوچەکانی فەڵەستین و کەرتی غەززەی تۆپبارانکرد، ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکەی ئیسرائیل لەناوبردنی تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس بوو.

لەو کاتەوە، بەردەوام رۆژانە ئەو ناوچانە تۆپباران دەکرێن و بەشێکی زۆری ناوچەکە لە کەرتی غەززەی باکوور تا دەگاتە شاری خان یونس لە باشووری فەڵەستین، وێران بووە و بەکەڵکی ژیانکردن نەماوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە زیاتر لە 23 هەزار هاوڵاتیی بەهۆی تۆپبارانەکانەی ئیسرائیلەوە کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵ و هاوڵاتیی بەتەمەنن.

بەرپرسانی فەڵەستین ئاماژە بەوەشدەکەم نزیکەی %85ـی دانیشتوانی غەززە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە ئاوارەبوون و ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵبکەن. بەشێکی زۆر لەو ئاوارانە لە دۆخێکی سەختدا دەژین و پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلە هەیە.

تا ئێستاش هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشەکانی سەر پێگەکانی حەماس لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە و هیچ نیەتێک لەلایەن حکومەتەکەی نەتانیاهوو نییە بۆ وەستاندنی شەڕ و ئیسرائیل دەڵێت، شەڕەکە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە حەماس بەتەواوەتی لەناودەچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا