بیابان حوكم بە شەریعەتی خودا دەكات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

رێكخراوی چەكداری داعش دووبارە دەستی بەپێكهێنانەوەی هێزەكانی كرد و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهێزێكی دیكەوە گەڕایەوە، هەتا سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەیەكی بەرفراوانی دێرەزور لە رۆژئاوای كوردستان و رۆژئاوای رووباری فوڕات، لە ناوچەی شامیە كە رووبەرێكی بیابانی بەرفراوانە بە دروشمی “بیابان حوكم بە شەریعەتی خودا دەكات” رابگەیەنێت، لەوێشەوە دەستیكردووە بە بڵاوبوونەوە بەناوچەكانی حەما و حومس و رەقە.

“بیابان حوكم بە شەریعەتی خودا دەكات” گەڕانەوەی داعش بەهێزەوە

ئەو راگەیاندنەی رێكخراوی چەكداری داعش، هاوكات بوو لەگەڵ بانگهێشتی لایەنگرانی رێكخراوەكە لەو ناوچانە لەژێر دروشمی “بیابانێك كە حوكم بە شەریعەتی خودا بكات لە هەزار شاری بێ باوەڕ چاكترە”، هاوكاتیش بوو لەگەڵ زیادبوونی هێرشی پچڕپچڕی لایەنەكانی داعش بۆسەر ئەندامانی سیستم و میلیشیاكانی ئەو ناوچەیە.

ئۆپراسیۆنەكانی داعش لەو ناوچەیەی رۆژئاوای كوردستان، بووەهۆی كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە لایەن و ئەندامانی هێزی دەسەڵاتدار و میلیشیاكانی ئەو ناوچەیە، لەوانەش: كوشتنی ڤیاشسلاڤ گلادكیچ فەرماندەی سەربازی روسیا بە پلەی لیوا، كوژرانی محەمەد تەیسیر تاهیر سەرۆكی بەرگری شارستانی لە شاری ئەلمیادین و نزار خەرفان سەركردەی هێزی بەرگری نیشتیمانی لە دێرەزور لە رۆژئاوا لەگەڵ دەیان لایەنی سەر بە دەسەڵاتی سوریا و لەناویشیاندا میلیشیاكانی ئێران كە لەو ناوچەیەدان.

“بیابانێك كە حوكم بە شەریعەتی خودا بكات لە هەزار شاری بێ باوەڕ چاكترە”

پلانی نوێی سەربازی رێكخراوی داعش

هێزەكانی دەسەڵاتی سووریا لە هەوڵی پاكتاوكردنی ئەو ناوچەیە لە ئەندامانی داعش بێهیوا بوون، بەتایبەت دوای ئەوەی لەم دواییانەدا ژمارەیەكی زۆریان لە هێزەكانی دەسەڵاتی سوریا و میلیشیاكانیان كوشت، نوێترین رووداویش، ئێوارەی ٢٠ی ئەیلول بوو، كاتێك ئەندامانی داعش هەستان بە بەلاڕێدابردنی هێزەكانی دەسەڵاتی سوریا بۆ ئەو كێڵگانەی مینڕێژ كرابوون، لە ئەنجامدا چوار ئەندامی هێزەكانی دەسەڵاتی سوریا كوژران و چەندین برینداری لێكەوتەوە.

ماوەیەكە چەكدارانی داعش هەڵدەستن بە مینڕێژكردنی ئەو ناوچانەی كە هێزەكانی دەسەڵاتی سوریا جموجوڵی سەربازیی تێدا ئەنجام دەدەن، بەمەبەستی بە ئامانجگرتنیان و چاودێری كردنی جوڵەكانیان و دواجاریش كوشتنیان، لەمیانی ئەو هەوڵانەشدا، فایز غەزبان ئەلكەیسوم، جێگری سەرۆكی بەرگری نیشتیمانی لە هێزەكانی دەسەڵاتی سوریا لە دیرەزور و بەرپرسی كەرتی ئەلجەفرە كرایە ئامانج و بەسەختی بریندار كرا و پێنج ئەندامی میلیشیاكانی لیوای قودسی ئێرانیش لەو ناوچەیە بە هێرشی داعش كوژران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا