ئایا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەچنە دەرەوە؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

حكومەتی عێراق بەنیازە داوا لە ئەمریكا و هاوپەیمانان بكات بۆ چوونە دەرەوەی هێزەكانیان لە عێراق، بەڵام تائێستا بە فەرمی هیچ داوایەك پێشكەش بەو لایەنانە نەكراوە، هیچ پلانێكیش بۆ چوونە دەرەوەی ئەو هێزانە لە عێراق نییە.

پات رایدەر، وتەبێژی پێنتاگۆن لەسەر ئەو پرسە دەڵێت، ئێمە لەسەر بانگهێشتنامەی حكومەتی عێراق، لەو وڵاتەین، ئێمە بە تەواوەتی سەرنجمان لەسەر ئامانجی تێكشكاندنی داعشە، دەمانەوێت پارێزگاری لەو دەستكەوتانە بكەین كە لەدژی داعش بەدەستهاتوون و رێگەنەدەین جارێكی دیكە بگەڕێنەوە.

وتەبێژی پێنتاگۆن: ئێمە لەسەر بانگێشتی حكومەتی عێراق لەوێین بۆ راوێژپێدان و هاوكاریكردنی هێزە عێراقییەكان

بە وتەی بەرپرسانی ئەمریكا مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا پەیوەندی بە هەڕەشەكانی داعش و ترس لە گەڕانەوەی داعشە، بەڵام كاتێك حكومەتی عێراق داوابكات هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بچنە دەرەوە، بۆ ئەمریكاش ئاسان نابێت لەو وڵاتەدا بمێننەوە، بۆیە هەر جارێك ئەو پرسیارە رووبەرووی بەرپرسانی ئەمریكا دەكرێتەوە، تەنیا ئەوە دووبارە دەكەنەوە كە ئەوان لەسەر داوای حكومەتی عێراق بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش لەو وڵاتەن و هیچ لایەنێكیش نایەوێت داعش دووبارە بگەڕێتەوە.

لەوبارەوە وتەبێژی پێنتاگۆن دەڵێت: ئەمە پرسیارێكە بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق كە وەڵامی بدەنەوە، ئێمە لەسەر بانگێشتی حكومەتی عێراق لەوێین بۆ راوێژپێدان و هاوكاریكردنی هێزە عێراقییەكان، ئێمە بۆ ماوەیەكی زۆرە چاودێری ئەم دۆخە دەكەین، هێزە ئەمنییەكانی عێراقی بەتایبەتیش هێزەكانی دژە تیرۆر هێزی زۆر كاریگەربوون، مەبەستمە بەڕاستی كاریگەربوون، بۆیە دەیڵێمەوە وەك هەرشێوێنێكی دیكە هێزەكانی ئێمە لەو شوێنە دەبن لەسەر داواكاری ئەو وڵاتە خۆی، پێشم وایە هەموومان، ئەمریكا و عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش باشترین بەرژەوەندیان لەوەدایە كە رێگری لە دووبارە دەركەوتنەوەی داعش بكەن، لەكۆتاییشدا، ئێمە لەوێ دەمێنینەوە لەسەر داواكاری حكومەتی عێراق.

ئێستا زیاتر لە هەركاتێك پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە نێو پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لیژنەیەكی سەر بە حكومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ئەم پرسە و خودی داواكاریی عێراقییەكان كۆببنەوە، بەڵام روون نییە لەو كۆبوونەوەیەدا چ بڕیارێك لەبارەی مانەوە یاخود چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەدرێت.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، لە 17ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە، 130 جار هێرشكراوەتە سەر هێزەكانیان لە عێراق و سووریا.

پات رایدەر، وتەبێژی پێنتاگۆن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، 53 جار لە عێراق و 77 جار لە سووریا هێرشكراوەتە سەر هێزەكانیان.

ئەمریكا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەن

لە بارەی هێرشی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر بنكە و بارەگەكانی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر، پات رایدەر وتی: روونە كە ئەوانە هێرشی مەترسیدارن و كاریگەرییان لەسەر خەڵكی بێگوناهی عێراق هەیە.

ئەمریكا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەن و نزیكەی 900 سەربازی دیكەی لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا جێگیركراون كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش كاردەكەن.

لە دوای دەستپێكردنی جەنگی غەززەوە، هێرشی سەر هێزە ئەمریكییەكان لە ناوچەكە زیادیكردووە. گرووپێك كە خۆی بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناودەبات، بەرپرسیارێتیی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە كە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێكی ئەمریكی و برینداربوونی 69 سەربازی ئەمریكی بە سووكی.

لە تۆڵەی ئەوەشدا، هێزی ئاسمانیی ئەمریكا بە لانیكەم لە 6 هێرشدا، 34 چەكداری لە عێراق و سووریا كوشتووە.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەڵێنیدا كە كۆتایی بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بێنێت كە ئەمریكا سەركردایەتیی دەكات.

وتەبێژی پێنتاگۆن رەتیكردەوە وردەكاری لەسەر هەبوونی هیچ گفتوگۆیێكی فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لەو بارەیەوە ئاشكرا بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا