پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێم لە رۆژی ئاڵای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، ئەرکێکی مێژوویی و نیشتیمانی ھەموومانە، پارێزەری ئاڵا و خاکی کوردستان بین لە پێناو کوردستانێکی ئارام و سەربەخۆ.
پەیامی وەزیری پێشمەرگە بۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستان:
ئاڵای کوردستان، شوناس و شکۆی نەتەوەییمان
ئاڵای کوردستان، ھێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەک بەدوای یەکەکانی نەتەوەیی کورد بووە. مێژوو و خەباتی نەتەوەییمان شاھیدی شوناس و ئاڵامانە. بۆ یەکەمین جار لە 22ی کانوونی دووەمی 1946 لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە ڕابەرایەتی پێشەوای نەمر ( قازی محەمەد) لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەھاباد بەفەرمی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا و بوو بە ڕەمزی کۆماری کوردستان و خەڵکی کوردستان.
ئاڵای کوردستان، سیمبولی نەتەوەیی کوردە. گەلی کورد لە پێناو پاراستن و بەرزڕاگرتنی ئاڵاکەیدا دەیان ھەزار شەھید و قوربانی بەخشیوە. فیداکاری و قارەمانێتی ھێزی پێشمەرگە لە ڕابردوو و ئێستا و داھاتووشدا بۆ پاراستنی خاک و ئاڵای کوردستان لە دەستی داگیرکەران و دووژمنانی گەلەکەمان ،لەبیرناکرێت. ئەرکێکی مێژوویی و نیشتیمانی ھەموومانە، پارێزەری ئاڵا و خاکی کوردستان بین لە پێناو کوردستانێکی ئارام و سەربەخۆ.
دروود بۆ ڕووحی پاکی سەرجەم شەھیدانی گەلەکەمان
شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
17ى کانوونی یەکەمی 2023