ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای کوردستانە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ساڵانە لە رۆژی 17ـی کانوونی یەکەم، گەلی کورد بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، رێز لە سمبوول و هێمایەکی گرنگی نەتەوەکەی دەگرێت کە ئەویش ئاڵاکەیەتی؛ لە رێککەوتی 2004/6/19، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە 48 ی دەركرد كە بەپێی ئەم بڕیارە: “رۆژی 17 ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان‌و رۆژی ئاڵای كوردستان دادەندرێت”.

هەرچەندە پێشتر لەلایەن چەند رێکخراو و پارتێکی سیاسی کوردستانەوە، ئاڵای کوردستان وەک سمبوولی نەتەوەی کورد بەکارهاتووە و بەرزکراوەتەوە، بەڵام بۆ یەکەمین جار لە رۆژی 17ـی کانوونی یەکەم ئاڵای کوردستان لەسەر شارەوانی مهاباد هەڵدرا و پاش زیاتر لە مانگێک لەو بەروارە، کۆماری کوردستان لەسەر دەستی قازی محەمەد و شۆڕشگێڕەکانی دیکەی هاوڕێی لە حزبی دیموکراتی کوردستان-رۆژهەڵات دامەزرێندرا و  ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی ئەو کۆمارە هەڵکرا.

گۆڤاری كوردستان، بڵاوكراوەی ئەو كاتەی حزبی دیموكراتی كوردستان لە ژمارەی سێیەمی خۆیدا، لە ژێر سەردێڕی (هەڵكردنی ئاڵای موقەدەسی كوردستان لە مهاباد) دەنووسێ: “رۆژی 26 ی سەرماوەز [ی 1324ی هەتاوی] = 17 ی دیسامبری 1945، تەواوی نوێنەرەكانی ئەهالی كوردستان لە شاری مهاباد كۆبوونەوە، لە سەعات 10 ی بەیانی لە كانگای حزب ئاڵای كورد بە حوزوری دەهەزار نەفەر هەڵكراو لە كاتێكدا دەستەی مووزیك مارشی میللی لێ‌ دەداو لە سەرتاسەری شەقامی وەفایی-دا صەفی نیزام كە لولەی تفەنگ‌و موسەلسەل‌و سەرنیزەیان دەدرەوشا دەستەی لاوان‌و قوتابیانی مەكتەب، كچ‌و كوڕ، لە لای راستی ئاڵا لە حەرەكەتدا بوون، گەورەو چوكی مهاباد هەیئەت‌و نوێنەرانی حزبی دیموكرات لە پشت سەری ئاڵا سەری تەعزیمیان بۆ دانەواندبوو، بۆ ئیحتیرام چەپڵەیان لێ دەداو هورایان دەكێشاو، پیشەوای موعەزەمی كوردستان جەنابی قازی محەمەد وتارێكی بە تینی لە بابەت ئاڵای موقەدەسی كوردستان ئیراد فەرموو”.

ئاڵای کوردستان لە چوار رەنگی سەرەکی پێکدێت، هەر رەنگێک ئاماژەیەکە لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد و پێناس و شوناسی نەتەوەی کورد دیاریدەکات:

لاكێشەی سەرەوە کە رەنگی سوورە، هێمایە بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد. لاكێشەی ناوەڕاست سپییە، هێمایە بۆ ئاشتی‌و ئازادی‌و دیموكراتی‌و لێبوردەیی كە گەلی كوردستان دەیەوێت.

لاكێشەی خوارەوە رەنگی سەوزە، هێمایە بۆ كشتوكاڵ‌و سروشت‌و ژینگەی كوردستان.

لە ناوەراستی لاكێشە سپیەكەدا خۆرێك هەیە رەنگی زەردە، دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕی رووبەری لاكێشەكە، 21 تیشكی سێگۆشەی یەكسانی لێ دەردەچێت، بەرزی تیشكەكان دەگاتە ناوەڕاستی هەردوو لاكێشەی سوورو سەوز، خۆرەكە هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان‌و مەعریفەو هیواو گەشبینی، 21 تیشكەكەش هێمایە بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز، رۆژی بەرەنگاربوونەوەو راپەرین‌و شۆڕش‌و رزگاری دژی زوڵم‌و ستەم‌و چەوسانەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا