پۆڵه‌تیك پرێس
ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “چاره‌سه‌رى كێشه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم به نامه‌ناردن ناكرێت و پێویسته شاندێكى باڵا سه‌ردانى به‌غدا بكات”.
سۆران جه‌مال تاهیر، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى تایبه‌ت به پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “له ماوه‌ى رابردوودا سێ پرسى سه‌ره‌كى ئه‌و له‌ویه‌تى هه‌بووه لاى ئێمه، له كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى لایه‌نه عێراقییه‌كانیشدا ئه‌و پرسانه ده‌خه‌ینه ڕوو، یه‌كه‌میان پرسى بودجه‌ى هه‌رێم و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه كه پێمان وایه له چوارچێوه‌ى ئاسایى كردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم و عێراقدا ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت”.
ده‌شڵێت “به‌تایبه‌تى یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى دارایى، كه خاڵى حه‌وته‌مى بوارى گفتوگۆى داناوه له نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و ناوه‌ند بۆئه‌وه‌ى هه‌رێم بتوانێت ئه‌و بڕه نه‌وته‌ى كه سۆمۆ دیارى كردووه، له‌گه‌ڵ له‌سه‌دا په‌نجاى داهاتى نانه‌وتى راده‌ست بكات، بۆئه‌وه‌ى ئه‌وانیش ئه‌وه‌ى پێویسته به‌رامبه‌ر به هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامى بده‌ن”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى وتیشى: “بابه‌تى دووه‌م ئێمه كه له كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌كاندا تاوتوێكراوه بریتیه له پرسى لامه‌ركه‌زى كه ئێستا لیژنه‌یه‌كى باڵاى بۆ دروست بووه، هه‌نگاوه‌كانى جێبه‌جێكردنى گفتوگۆ ده‌كه‌ین”.
له‌باره‌ی ته‌وه‌ری سێیه‌مه‌وه ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، پرسى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق، یه‌كێكه له پرسه گرنگه‌كان.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى باسی له‌وه‌شكرد، “ئێمه له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردوودا گفتوگۆكانمان له سه‌ركردایه‌تى ئه‌وه‌بووه بتوانین موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابین بكه‌ین به هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت، حكومه‌تى هه‌رێم نامه‌ى ناردووه له كاتێكدا چاره‌سه‌رى كێشه‌ى موچه به نامه ناردن ناكرێت”.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كێتی پێیوایه، ئه‌و پرسه پێویستى به كۆبوونه‌وه و گفتوگۆى جدى هه‌یه، ده‌شڵێت “دڵنیاین ئه‌مه كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى لایه‌نه‌كانى عێراق ئامانجى باشى ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نه‌یبوو یان ئه‌گه‌ر هاتوو لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى پێكهێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ده‌م گفتوگۆكردنه‌وه نه‌چن له‌گه‌ڵ ناوه‌ند، ئه‌وكاته بڕیارى گونجاو ده‌ده‌ین”.