هەڵەبجە دەچێتە بەغدا

پۆڵەتیك پرێس:

رۆژی هەینی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای سەردانیكردنی شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی سەردانی هەڵەبجەشی كرد و تاجەگوڵینەی لەسەر پەیكەری عومەری خاوەر لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دانا و رایگەیاند، كۆمەڵكوژیی هەڵەبجە ژانێكە بۆ مرۆڤایەتی و خەڵكی عێراق.

داواكارییەكانی هەڵەبجە

لەبارەی سەردانی كازمی بۆ هەڵەبجە و داواكارییەكانی ئیدارەی شارەكە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بە نوسراوێك داواكارییەكانمان ئامادەكردبوو، كە تێیدا داوامانكردبوو رێكارەكانی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە و ئەو بەڕێوەبەرایەتییە فیدڕاڵیانەی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و بازرگانین و فەرمانیان بۆ دەرچووە و هەندێكیشیان ماوە كە فەرمانیان بۆ دەربچێت كارەكانیان تەواوبكرێت.

باسی لەوەشكرد، دواتر لەگەڵ وەزارەتی داراییدا باسمان لە دەروازەسنورییەكانی تەوێڵە و پشتە و سازان كرد و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیشدا باسمان لە بریندارانی چەكی كیمیایی و منداڵە ونبووەكان و نەخۆشخانەی كیمیابارانی هەڵەبجە و پێداویستییەكانی ئەو نەخۆشخانەیە كرد و داوامانكرد بەشە بودجەیەك بۆ منداڵە ونبووەكان بۆ دۆزینەوە و هەم بۆ هاوكارییان خەرجبكرێت.

كاوە عەلی وتی: لەبارەی بەشە نەوتی هاوڵاتیانەوە گفتوگۆكرا، كە بەردەوام بۆ شارەكە دابینكراوە و داوامان كرد لە دابینكردنی بەردەوامبن و ئەو پرۆژانەشی لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا لە بودجەی عێراقدا پارەیان بۆ خەرجكراوە، دەست بەجێبەجێكردنیان بكرێت.

ناوبراو وتیشی: داواشمانكرد لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا هەڵەبجە وەك بازنەیەكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لقی خۆی لە هەڵەبجە بكاتەوە.

تەنیا هەڵەبجە قەرەبوونەكراوەتەوە

راشیگەیاند، پارێزگاكانی باشور قەرەبوو كراونەتەوە، تەنیا هەڵەبجە قەرەبوونەكراوەتەوە، وەك لە یاسایی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠١٣دا هاتووە كە باس لە هاوڵاتیانی زەرەرمەندی هەڵەبجەی تێدایە و دەبێت قەرەبووبكرێنەوە، لەبارەی پارەی جوتیارانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦شەوە گفتوگۆمانكرد و داواشمانكرد بەنداوێك لەشارەكەدا دروستبكتبكرێت چونكە ئەگەر هەیە بەهۆی دروستكردنی بەنداو لەلایەن ئێرانەوە لەسەر ئاوی سیروان ئاوی شارەكە كەمببێتەوە.

لەبارەی هەڵوێستی كازمی بەرامبەر داواكارییەكانی پارێزگای هەڵەبجەوە، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وتی: كازمی دوای چاوپێداخشاندن بە داواكاندا وتی، داوا و گرفتەكان ئاڵۆزنین، لە داهاتوودا سەردانی ئێمە بكەن تا لیژنەیەكی ئێمە لەگەڵ ئێوەدا كۆببێتەوە، تاوەكو گرفتەكان چارەسەربكەین و بتوانین هاوكاربین.

لەبارەی خێراكردنی بابەتی كردنەوەی ئەو فەرمانگانەی پەیوەندیدارن بە حكومەتی ناوەندییەوە یان بابەتی بە پاریزگاكردنی هەڵەبجە كاوە عەلی وتی: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ١٦ی ئاداری ٢٠١٧دا، بڕیاری ژمارە ١٠٤ی دەركرد، كە وەزیری ناوخۆی راسپارد بۆ سەردانی بەغدا بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتانە، بەڵام تاوەكو ئێستاش سەردانیان نەكردووە.

وتیشی: بەم سەردانەی لیژنەیەك لە پاریزگای هەڵەبجەوە زۆربەی كێشەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ چارەسەردەبێت، بەهۆی ئەوەی چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی دانیشتنەكەبوو و ئەوانیش ئامادەیی خۆیان بۆ هەماهەنگی راگەیاند.

لەبارەی سەردانی لیژنەكەی هەڵەبجەوە بۆ بەغدا ناوبراو ئاشكرایكرد، هیوادارم لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لیژنەكە دروستبكرێت و دوای دانانی كاتی گونجاو لەگەڵ حكومەتی ناوەنددا سەردانەكەمان ئەنجامدەدەین.

مستەفا كازمی رۆژی هەینی سەردانی شاری سلێمانی كرد لەوێ چووە مەزاری مام جەلال و دواتر، كازمی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق بە ئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە.

هاوكات لەبارەی داواكاری دانیشتوانی هەڵەبجەوە دانا عەبدول چالاكوانی مەدەنی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئێمە وەكو خۆپیشاندەرانی هەڵەبجە یاداشتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد.

لەبارەی داواكارییەكانی هاوڵاتیانەوە دانا عەبدول وتی: داوایانكردووە هەڵەبجە وەك شوێنێكی خاپوركراوە و زەرەرمەند قەرەبوو بكرێتەوە، هەروەك چۆن فاو چەند شوێنێكی دیكەی عێراق قەرەبووكراونەتەوە بەهەمان شێوە هەڵەبجە قەرەبووبكرێتەوە.

19 هەمین پارێزگای عێراق

داواشیانكردووە، هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بكرێتە پارێزگا و بە پارێزگای ١٩هەمین بناسرێت، كە تا ئێستا بە پارێزگا هەژمارنەكراوە .

لەبارەی ئومێدی هاوڵاتیانی هەڵەبجە بە سەردانەكەی كازمی وتی: بەشێكی زۆری هاوڵاتیان ئومێدیان بە سەردانەكەی هەیە و پێیان وایە تاڕاددەیەك لە سەردەمی ئەودا عێراق هاوهەڵوێستییەك و سەرقامگیرییەكی هەیە و هیوادارن ئەم هەوڵانەی كاریگەری لەسەر هەرێمیش هەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا