رێككەوتنی ئاگربەست لەنێوان حەماس‌و ئیسرائیل.. رۆڵی مۆساد‌و سی ئای ئەی لەو رێككەوتنە چییە؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

چەند رۆژێك لەدوای ‌هێرشی چەكدارانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بۆ سەر كۆمەڵگە جوونشینەكانی باشووری ئیسرائیل و رفاندنی لانیكەم 240 كەس، شانەیەكی نهێنیی نێودەوڵەتی پێكهێنرا بەمەبەستی ئازادكردنی ئەو بارمتانە.

هەماهەنگیی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی زلهێز رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماسی لێكەوتەوە

ئەوە خاڵی دەستپێكی هەوڵێكی پێنج هەفتەیی چوار وڵات بوو بە هەماهەنگیی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی زلهێز و پەیوەندیی تەلەفۆنی سەرۆك و سەركردەی ئەو وڵاتانە كە بۆ دواجار رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماسی لێكەوتەوە بۆ ئازادكردنی 50 بارمتە، لەبەرامبەردا ئازادكردنی 150 زیندانیی فەلەستینی و راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی چوار رۆژ.

رۆژی پێنجشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، بەیانیی رۆژی هەینی كاتژمێر 7:00 ی بەیانی ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە رۆژی یەكەمی ئاگربەستەكەدا، 13 دیلی ئیسرائیلی كە لای حەماسن، ئازاد دەكرێن.

رۆژی چوارشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2023، جەیك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا رایگەیاند، ئەو پرۆسە دوورودرێژە لەلایەن قەتەرەوە سەرپەرشتی كراوە.

قەتەر وەكو كەناڵی هەماهەنگیكاری سەرەكی، پەیوەندیی لەگەڵ حەماس هەبووە، بەڵام میسریش رۆڵی هەبووە لە دانوستاندن و گفتوگۆ ئاڵۆزەكانی سەبارەت بەو پرسە.

یەكەم هەنگاوی گەورەی ئەو هەوڵانە لە 23ی تشرینی یەكەم بوو، كاتێك بزووتنەوەی حەماس دوو ئافرەتی ئەمریكی ئازاد كرد. دوای ئەو هەنگاوە، ئەمریكییەكان هەوڵەكانیان چڕتر كردەوە بۆ ئازادكردنی ژمارەیەكی زۆرتری دیلەكان.

سەرپەرشتیاری تیمەكەی ئیسرائیل، دەیڤد بارنیا، سەرۆكی مۆساد بوو و ئەویش بەردەوام هەماهەنگیی لەگەڵ بیڵ بێنس، بەرپرسی دەزگای CIA كە دامەزراوەی هەواڵگریی ئەمریكایە، هەبووە تاوەكو بگەنە رێككەوتنێك.

بەگوێرەی زانیارییەكانی بەرپرسانی ئەمریكا، پرۆسەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی پەیامەكان زۆر درێژخایەن و ئاڵۆز بوون

بەگوێرەی زانیارییەكانی بەرپرسانی ئەمریكا، پرۆسەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی پەیامەكان زۆر درێژخایەن و ئاڵۆز بوون. لەبەرئەوەی پێویست بوو پەیامەكان یەكەمجار بگەنە دەوحە یان قاهیرە و لەوێشەوە بۆ حەماس لەناو كەرتی غەززە، گفتوگۆكانیش زۆر ئاڵۆز و هەستیار و ورد بوون.

بەرپرسانی ئیدارەی بایدن دەڵێن یەكێك لەو خاڵانەی بەربەست بوون بۆ گەیشتن بە رێككەوتنەكە، ئەوەبوو حەماس ئەو زانیارییانەی ئاشكرا نەدەكرد دەربارەی كێ لەناو ئەو 50 بارمتەیە دەبێت كە بڕیارە ئازاد بكرێن، بەڵام دواتر بایدن تەلەفۆنی بۆ میری قەتەر كردووە و ئەمەش هەنگاوی یەكلاكەرەوەی رێككەوتنەكە بوو.

بەگوێرەی میدیای ئەمریكا، لەو 50 بارمتەیەی بڕیارە ئازادبكرێن، ژمارەیەكیان هاووڵاتی ئەمریكی دەبن.

لە هێرشەكانی مانگی رابردووی چەكدارانی حەماس، جگە لە كوژرانی 1200 كەس، هاوكات دەوروبەری 240 كەسی دیكەی بە دیل گرت، كە تاوەكو ئێستا تەنیا چوار كەسیان ئازادكراون و دووانیان هاووڵاتی ئەمریكی بوون و ئەو دووەی دیكەش ئیسرائیلی بوون و سەرجەمیشیان ئافرەت بوون.

سوپای ئیسرائیل ئاشكرای كردووە لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، 300 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەكانی حەماس لە باكووری غەززە كردووە

لە بەرامبەر ئەو هێرشانە. لە رۆژی 7ی مانگی رابردووەوە، ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر كەرتی غەززە و بە وتەی تەندروستیی كەرتەكە، تاوەكو ئێستا 13 هەزار و 300 كەس بەهۆی هێرشەكانەوە گیانیان لەدەستداوە.

بڕیاربوو ئاگربەستەكە، كاتژمێر 10ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە، 23ی تشرینی دووەم، بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام كاتی جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە بۆ رۆژی هەینی دواخرا و لە هەمان كاتدا هێرش و شەڕ و پێكدادانەكانی ناو كەرتی غەززە بۆ 48ەمین رۆژی جەنگ بەردەوامن و سوپای ئیسرائیل ئاشكرای كردووە لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، 300 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەكانی حەماس لە باكووری غەززە كردووە.

ئیسرائیلییەكان دەڵێن رەنگە ئاگربەستەكە درێژبكرێتەوە، ئەگەر چەكدارانی حەماس رۆژانە لانیكەم 10 بارمتە ئازاد بكەن، ئەوا رەنگە ئاگربەستەكە درێژبكرێتەوە و سەرچاوەیەكی فەلەستینیش بە ئازانسەكانی راگەیاندووە، لە گەڕی دووەمی ئازادكردنی بارمتەكان، رەنگە تا كۆتایی ئەم مانگە نزیكەی 100 بارمتە ئازاد بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا