بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی چارەنووساز ئەنجام دەدەن

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و چارەنووساز لەبارەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لەنێوان بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەنجام بدرێت و ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت کۆبوونەوەکە چارەنووساز دەبێت و پاڵپشتی بۆ نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2023، موعین کازمی، لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ئاژانسی (بەغداد تودەی) عێراقی رایگەیاندووە، “دەسەڵاتی دراوەکان و دارایی لە عێراق هەوڵی گەورە دەدات لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و بەردەوام بۆ قەیرانی دۆلار .”

موعین کازمی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو دیالۆگانەی لە نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێن زۆر گرنگ و چارەنووسازن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی دۆلار لە عێراق.

کازمی وتیشی، “لە چەند رۆژی رابردوودا دەسەڵاتی دراوی عێراق لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی گەیشتووەتە چارەسەری گرنگ، گفتوگۆکانیش سەرکەوتوو بوون، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش،پێویستە کۆبوونەوەی نوێ ئەنجامبدرێت بۆ خستنەڕووی چارەسەری زیاتر کە دیناری عێراقی بەهێزتر بکات و پاڵپشتی لە هەر هەوڵێک بکرێت بۆ پارەدارکردنی بانکەکانی عێراق بە دۆلار”.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پێگەی ”بەغداد تودەی” راگەیاندووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراوی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
شارەزایانی بواری دراو لە عێراق باس لەوەدەکەن، لە ئەگەری گەیشتن بە چارەسەری پێویست و بڕیاردانی هاوبەش لە کۆبوونەوەکە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.

لە کۆبوونەوەی رۆژی 11ـی تشرینی دووەم کە لە نێوان هەردوولایەن لە ئەبووزەبی پایتەختی ئیمارات بەڕێوەچوو، تێیدا لەسەر چەند خاڵێک رێکەوتن کە گرنگترینییان؛ هەردوولا رێككەوتن لەسەر پارەداركردنی پێشوەختی هەژماری پێنج بانكی عێراقی بە دۆلار لە بانكە ئوردنییەكان و حەواڵەكانیان لە رێگەی بانكی جەی پی مۆرگانی ئەمریكییەوە.

لەپاش ئەم رێکەوتنە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەشێوەیەکی بەرچاوو رووی لە دابەزین کرد.

سەرچاوە عێراقییەکان لەم دواییانەدا ناوەڕۆکی رێکەوتنێکی نوێی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و لایەنی ئەمریکییان بڵاوکردەوە، کە لە ئەنجامدا ژمارەی ئەو بانکانە زیادکرا کە دەتوانن راستەوخۆ باڵانسی خۆیان بە دۆلار بەرز بکەنەوە بۆ 10 بانک.
5 لەو بانکانە لە ڕێگەی سیتی بانکەوە دەبن پێنجەکەی تر لە رێگەی بانکی جی بی مۆرگانەوەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا